رووداو دیجیتاڵ
شاندێکی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکانیان لەگەڵ حکومەتی سووریا، شەوی دووشەممە گەیشتە دیمەشق.
بە گوێرەی زانیارییەکان شاندێکی تەکنیکیی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا بۆ هێورکردنەوە و ئارامکردنەوەی گرژییەکانی حەلەب چوونەتە دیمەشق و بڕیارە چەند کۆبوونەوەیەک بکەن.
دلخواز محەمەد، پەیامنێری رووداو لە دیمەشق لە سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە رایگەیاند: "شاندێکی هێزەکانی سوریای دیموکرات بۆ خولێکی نوێی دانوستان بۆ تەواوکردنی رێککەوتنەکەی 10ی ئازار گەیشتە دیمەشق. لە دانوستانەکاندا بە سەرۆکایەتیی ئیلهام ئەحمەد، چەند تەوەرێک تاوتوێ دەکرێت، دیارترینیان میکانیزمی دانوستانە."
سکرتێری یەکێک لەو پارتانەی بەشدارە لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر هەواڵەکەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو پشتڕاستکردەوە، بەڵام گوتی: "زانیاری زیاترم لانییە".
هەر شەوی دووشەممە رووداو پەیوەندی بە سکرتێری دوو پارتی دیکەی نێو بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر کرد، ئەوان بێ ئاگایی خۆیان لە چوونی شاندەکە خستەڕوو.
بە گوێرەی زانیارییەکانی روانگەی سووری، شاندی هەردوولا "چەند کەسێکی شارەزای تەکنیکین" بەسەرپەرشتی ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا پێکهێندراون."
ئامانجی سەردانی شاندەکە رێگریی لە تەشەنەکردنی گرژییەکانی نێوان بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر و حکومەتیی سووریایە، کە چەند رۆژێکە لە ناوچەکانی حەلەب سەریهەڵداوە.
شەوی دووشەممە هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی سووریا هەوڵی تێکدانی ئارامیی ناوچەکە دەدەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ