رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری هەولێر لەگەڵ کەسوکاری کوژراوانی بەنزینخانەکەی هەولێر کۆبووەوە و دەڵێت، مافی کەسوکاری کوژراوان پارێزراو دەبێت. کەسوکاری دوو لە کوژراوانیش کە عەرەبن دەڵێن، بە بانگهێشتی سەرۆک بارزانی هاتوونەتە هەولێر.
ئەمڕۆ دووشەممە 11-08-2025 ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر پێشوازیی لە کەسوکاری کوژراوانی بەنزینخانەکەی هەولێر کرد. دواتر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشدا رایگەیاند، ''دڵنیامان کردوونەتەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی رێکارە یاساییەکاندا مافی کەسوکاری قوربانیان دەپارێزێت.''
شەوی چوارشەممە 6ی ئاب، بەهۆی دەمەقاڵێیەکەوە، کارمەندی بەنزینخانەیەک لە هەولێر دەستڕێژی گولـلەی کردە سەر دوو هاووڵاتیی عەرەب، کە بەهۆیەوە هەردوو هاووڵاتییەکان و هاونیشتمانییەک کوژران. ئومێد خۆشناو ئاماژەی بەوە کرد، ''رووداوەکە پەیوەندی بە هیچ بابەتێکەوە نییە و کوژراوان و بکوژ یەکدی ناناسن، بەڵام یاسا سەروەرە و رێکاری یاسایی بەرامبەر بکوژ دەگیرێتەبەر.''
هاوکات رەعد ئیسماعیل، برای هاونیشتمانییە کوژراوەکە لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییە هاوبەشەکەدا رووی زاری کردە هەندێک لە راگەیاندنەکان و گوتی، نابێت کێشەکە بکرێتە نەتەوەیی و رووداوەکە هیچ پەیوەندییەکی بە کورد و عەرەبەوە نییە، ''ئەوە ناحەزانی کورد و کوردستانن بابەتەکە بەوشێوەیە پیشان دەدەن.''
باوکی یەکێک لە کوژراوە عەرەبەکانیش لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەدا قسەی کرد و ئاماژەی بەوە دا، بە دەستپێشخەریی سەرۆک بارزانی بانگهێشتی هەولێر کراون.
ئەو هاووڵاتییە سوپاسی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات، ''بۆ پێدانی ئەم دەرفەتە بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی تەواوی گەلی عێراق یەکن. هەروەها ئاسایش و سەقامگیری و یاسا لە هەموو پارێزگاکانی عێراق یەک یاسان. پشت بە خوا مافی کەس نافەوتێت.''
باوکی کوژراوەکە ئەوەشی خستەڕوو، دەستگیرکردنی بکوژ لە کەمتر لە کاژێرێکدا لە هەرێمی کوردستان ''دڵنەوایی'' پێداون و ''ئێستا رێکارە یاساییەکان بەرامبەری گیراونەتەبەر و لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە''.
رووداوەکە بەوشێوەیە بووە کە دوو کەس دەچنە بەنزینخانەیەک لەسەر رێگەی هەولێر - کەسنەزان، لە کاتی پڕکردنەوەی بەنزینی ئۆتۆمبێلەکە کەمێکی لێ دەڕژێت، کارمەندی بەنزینخانەکە داوای پارەی بەنزینە رژاوەکەی کردووە لەگەڵ ئەوەی کە کراوەتە نێو ئۆتۆمبێلەکەوە کە بڕی هەمووی 52 هەزار دینار بووە.
بەو هۆکارە دەمەقاڵێ لەنێوانیان دروست دەبێت و شایەتحاڵان دەڵێن، تەنیا هەندێک پاڵپاڵێن روویداوە، بەڵام دواتر کارمەندی بەنزینخانەکە دەچێت، چەکێکی کڵاشینکۆف دەهێنێت و دەستڕێژی گوللـەیان لێدەکات.
لە رووداوەکەدا دوو کەسەکە دەکوژرێن و لە دەرەوەی بەنزینخانەکەش گوللـەیەک بەر سەعد ئیسماعیل دەکەوێت و گیان لەدەستدەدات.
هەر لە دوای رووداوەکە، پۆلیسی هەولێر رایگەیاند، تۆمەتباری سەرەکییان دەستگیرکردووە و وێنەکەشی بڵاوکرایەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ