رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی هەولێر رایگەیاند، مێرمنداڵێک لە شەقامێکی هەولێر بە ئۆتۆمبێل لە دوو کەسی داوە و هەڵاتووە، بەڵام بە ماوەیەکی کەم دوای رووداوەکە دەستگیر کراوە.
تۆمەتبارەکە مێرمنداڵێکی تەمەن 16 ساڵان بووە، بەو ئۆتۆمبێلەی پێیبووە، کە لە جۆری تۆیۆتا کامری بووە، لە شەقامی 40 مەتریی شاری هەولێر لە دوو کەسی داوە و برینداری کردوون؛ دواتریش هەڵاتووە.
رۆژی یەکشەممە 11-09-2022 هۆگر عەزیز، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەو دوو کەسەی لەلایەن مێرمنداڵەکەوە بە ئۆتۆمبێل لێیاندرا، رەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی هەولێر کراون و تەندروستییان جێگیرە."
لە راگەیێندراوێکدا پۆلیسی هەولێر رایگەیاندووە، دوای ئەوەی کاژێر 09:50ی شەوی رابردوو ئاگادارکراونەتەوە لە رووداوەکە لە شەقامی 40 مەتری، توانیویانە تۆمەتبارەکە بەناوی (م. ب. ف) لە نزیک کۆنسوڵخانەی تورکیا لە هەولێر دەستگیر بکەن و دەستیش بەسەر ئۆتۆمبێلەکەدا بگرن.
تۆمەتبارەکە و ئۆتۆمبێلەکەی رادەستی بنکەی پۆلیسی عەنکاوە کراون و پەڕاوی لێکۆڵینەوەش بۆ رووداوەکە کراوەتەوە.
بەپێی یاسای هاتووچۆ، هەر کەسێک تەمەنی ببێتە 18 ساڵ دەتوانێت ببێتە خاوەنی مۆڵەتی شۆفێری، بەڵام ئەو کەسەی لەو دوو هاونیشتمانییەی داوە، تەمەنی لە 18 ساڵ کەمترە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ