رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ مووچەی مانگی 12ـی کرێکارانی خانەنشینکراو لە هەولێر دابەش دەکرێت. بەڕێوەبەری گشتیی کار و دەستەبەرى کۆمەڵایەتى دەڵێت، رۆژانی دواتر لە هەموو شارەکان مووچەکە دابەش دەکرێت و کەمترین بڕی مووچەکەش 500 هەزار دینارە و زۆرترین دوو ملیۆن دینارە.
مەریوان بەگۆک عەزیز، بەڕێوەبەرى گشتیى کار و دەستەبەرى کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەمڕۆ مووچەی مانگی 12ـی ئەم ساڵی کرێکارانی خانەنشینی هەولێر دابەش دەکرێت و دەتوانن سەردانی بانکی فیدراڵ بکەن بۆ وەرگرتنی مووچەکانیان".
لەبارەی کرێکارانی خانەنشینی پارێززگاکانی دیکەوە، مەریوان بەگۆک گوتی: "هەموو کرێکارانی خانەنشینی هەرێمی کوردستان مووچەی مانگی 12یان ئامادەیە و وەریدەگرن، ئەوەی هەیە رێکارە کارگێڕییەکانی هەولێرە زووتر تەواو کراوە و ئەوان ئەمڕۆ مووچەکەیان وەردەگرن".
بەگوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتىی گشتىی کار و دەستەبەرى کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان بۆ رووداو، تاوەکو ئێستا هەزار کرێکار خانەنشینکراون و مانگانە مووچەی خانەنشینی وەردەگرن. مەریوان بەگۆک دەڵێ: "مووچەی مانگەکانی رابردووشیان وەرگرتووە و مووچەی کەس دوانەکەوتووە".
کرێکاری خانەنشین کێیە؟
خانەنشینیی کرێکاران لە هەرێمی کوردستان سیستمێکی نوێیە، بۆیە ژمارەیان لە چوار پارێزگادا هەزار کرێکارە و مانگانە مووچە وەردەگرن.
بەڕێوەبەرى گشتیی کار و دەستەبەرى کۆمەڵایەتىی هەرێمی کوردستان گوتی: "جگە لە کرێکارانی خانەنشێنکراو، ئێستا 205 هەزار کرێکار هەن دەستبەرییان بۆکراوە و لە داهاتوودا هەموویان دەتوانن خانەنشین ببن مووچەی خانەنشینی وەربگرن".
مەریوان بەگۆک گوتی: "ئەوانەی خانەنشین کراون هەزار کەسن، بەڵام ئەوانەشی دەستبەریان کردووە بە تەواوی وەکو کەرتی گشتیی ئەوانیش خانەنشین دەکرێن، بەڵام جیاوازی لە ساڵانی خزمەت و تەمەنیان هەیە".
لەبارەی ئەو کەسانەی دەتوانن وەکو کرێکار مووچەی خانەشینی وەربگرن، بەڕێوەبەرى گشتیى کار و دەستەبەرى کۆمەڵایەتیى هەرێمی کوردستان گوتی: "هەر کەسێک لە کەرتی تایبەت خزمەتی لە 20 ساڵ زیاتر بێ، بۆ پیاوان تەمەنی زیاتر لە 60 ساڵ و ئافرەتانیش لە 55 ساڵ دەتوانن خانەنشین ببن".
بەڕێوەبەرایەتییەکە داوا دەکات، تەواوی کرێکاران و کارمەندانی کەرتی تایبەت دەستبەری کۆمەڵاتی بکەن. مەریوان بەگۆک دەڵێ: "ئەوەی دەستەبەر بکرێت و خزمەتی هەبێ مووچەی خانەنشینیی کرێکارانی وەردەگرێت و یەک رۆژیش مافەکەی دواناکەوێ".
مەریوان بەگۆک ئاماژەی بەوەشکرد، "هەرکەس دەستبەری کاری بۆ کرابێ، ئەگەر گیان لەدەستبدات مووچەی خانەنشینی بە خێزانەکەی دەدرێت".
مووچەی کرێکارانی خانەنشین
بەڕێوەبەرى گشتیی کار و دەستەبەرى کۆمەڵایەتىی هەرێمی کوردستان گوتی: "مووچەی خانەنشینیی کەرتی تایبەت بەگوێرەی مووچەی کارەکەی خانەنشن دەبێت".
بەگوتەی مەریوان بەگۆک، مووچەی کرێکاری خانەنشینکراو لە هەرێمی کوردستان کەمترینیان 500 هەزار دینارە، بەڵام خانەنشینیش هەیە، مووچەکەی دەگاتە دوو ملیۆن دینار.
هەر کرێکار یان کارمەندێک کە دەستەبەر دەکرێت، 5%ـی مووچەکەی خۆی و 12%ـی لەلایە شوێن کارەکەیەوە دەدرێتە بەڕێوەبەرایەتی دەستەبەری کار و کاروباری کۆمەڵاتی و لە داهاتوودا بەگوێرەی ئەو بڕە مووچەی خانەنشینی بۆ تەرخان دەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ