مەسرور بارزانی: شۆڕشی ئەیلوول سەلماندی گەلی کوردستان رێی کۆڵنەدانی گرتووەتەبەر

11-09-2023
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
نیشانەکردن شۆڕشی ئەیلوول
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەبۆنەی 62ـەمین ساڵیادی هەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلوول، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێ شۆڕشی ئەیلوول، بۆ هەموو دوژمنان و نەیارانی كوردستانی سەلماند، گەلی كوردستان رێی كۆڵنەدان و سەرفرازیی گرتووەتەبەر، نەك خۆڕادەستكردن و ملكەچكردن.
 
لە پەیامەکەیدا، ئەمڕۆ (دووشەممە، 11-9-2023) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێ "یادکردنەوەی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول، پێویستە ببێتە هاندەرێکی زیاتر بۆ هەمووان تا پێداگربین لەسەر وەدەستهێنانی مافە دەستوورییەكانمان و بەوپەڕی خەمخۆری و دڵسۆزییەوە، هەموو ئەو دەستکەوتە نیشتمانییانەمان بپارێزین کە بەرهەمی رەنج و خەبات و قوربانیدان و شۆڕش و راپەڕینەکانی گەلی کورستانە."
 
لە‌ 11ـی ئه‌یلوولی 1961 سوپای عێراق بۆردوومانی ده‌ربه‌ندی بازیان، دۆڵی خه‌له‌كان و سنووری دهۆكی کرد، له‌ به‌رامبه‌ردا له‌ 19ـی ئه‌یلوولی 1961 مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە فەرمی بڕیاریدا بەرەنگاری سوپای عێراق ببنەوە و، بەو هۆیەوە شۆڕشی ئه‌یلوول به‌ سه‌رۆكایه‌تیی مسته‌فا بارزانی دژی حكومه‌تی كۆماری عێراق لە مانگی ئەیلوولی 1961 له‌ باشووری كوردستان هه‌ڵگیرسا و تاوەکو ساڵی 1975 و رێككه‌وتننامه‌ی جه‌زائیر، به‌رده‌وامبوو.
 
دەقی پەیامەکەی مەسرور بارزانی:
 
لە شەست و دووەمین ساڵیادی هەڵگیرسانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوولدا، بەوپەڕی ڕێز و شكۆ و پێزانینەوە، یادی هەموو تێکۆشەر و پێشمەرگە قارەمانەکان و گشت بەشدارانی ئەم شۆڕشە گشتگیر و سەرتاسەرییەی کوردستان دەکەینەوە.
 
شۆڕشی ئەیلوول، گەورەترین شۆڕشی گەلی کوردستان بوو کە هەموو پێکهاتە جیاوازەکانی گەلی کوردستان لەژێر سەرکردایەتیی ڕێبەری نیشتمانییمان جەنابی بارزانیی نەمر، لەپێناو ئامانجی باڵای هاوبەشدا، بەشدارییان تێدا کرد و چەندین داستانی سەرکەوتنی تێدا تۆمار كرا و سەروەری و دەستکەوتی گرنگی بۆ گەلی کوردستان بەدەست هێنا. لەو ڕۆژگارە سەختەدا بەرخودان و خۆڕاگری و قارەمانیەتیی پێشمەرگە نەبەزەكان و خەڵکی کوردستان بە گشتی، لە جیهاندا دەنگی دایەوە و تا ئێستاش نەك هەر ئازادیخوازانی كوردستان، بەڵكوو ئازادیخوازانی هەموو جیهان، بە ڕێزەوە لە شۆڕشی ئەیلوولی گەلی كوردستان دەڕوانن.
 
بۆیە یادکردنەوەی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول، پێویستە ببێتە هاندەرێکی زیاتر بۆ هەمووان تا پێداگر بین لە سەر وەدەستهێنانی مافە دەستوورییەكانمان و بەوپەڕی خەمخۆری و دڵسۆزییەوە، هەموو ئەو دەستکەوتە نیشتمانییانەمان بپارێزین کە بەرهەمی ڕەنج و خەبات و قوربانیدان و شۆڕش و ڕاپەڕینەکانی گەلی کورستانە، بەتایبەتی شۆڕشی ئەیلوول کە یەکێک لە دەستکەوتە مێژووییەکانی، ڕێککەوتننامەی یازدەی ئاداری 1970 بوو کاتێک حکومەتی ئەوکاتی عێراق ناچار کرا دان بە بەشێک لە مافەکانی گەلی کوردستاندا بنێت.
 
شۆڕشی ئەیلوول، بۆ هەموو دوژمنان و نەیارانی كوردستانی سەلماند، كە گەلی كوردستان ڕێی كۆڵنەدان و سەرفرازیی گرتووەتە بەر، نەك خۆڕادەستكردن و ملكەچكردن.
 
دروود بۆ گیانی پاکی شەهیدانی شۆڕشی ئەیلوول و سەرجەم شەهیدانی کوردستان.
 
مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
2023/9/11

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان

قوباد تاڵەبانی: لە دڵەوە پیرۆزبایی لە یانەی زاخۆ و هەموو کوردستان دەکەم

قوباد تاڵەبانی پیرۆزبایی لە یانەی زاخۆ دەکات و دەڵێت، "بردنەوەی خەڵاتی باشترین هاندەر لەسەر ئاستی جیهاندا، شانازییەکی گەورەیە بۆ یانەی زاخۆ و وەرزشی کوردستان و بۆ هەموو خەڵکی کوردستان".