پارتی جەخت لە 'هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد' دەکاتەوە و پشتیوانیی خۆی بۆ چارەسەری کێشەی مووچە دەردەبڕێت

11-09-2024
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا "جەخت لە پرۆسەی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد و ئازادانە" دەکاتەوە و پشتیوانیی خۆیشی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچە و بودجە بە جێبەجێکردنی دەستوور و رێککەوتنە سیاسی و ئیدارییەکان دەربڕیوە.

ئەمڕۆ 63 ساڵ بەسەر ھەڵگیرساندنی شۆڕشی ئەیلوولدا تێدەپەڕێت، بەو بۆنەیەوە مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە.

لە بەشێکی پەیامەکەیدا مەکتەبی سیاسیی پارتی باسی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کردووە و دەڵێت، "جەخت لەسەر پڕۆسەی ھەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد و ئازادانە دەکەینەوە کە بڕیارە لە 20-10-2024 ئەنجام بدرێت."

هاوکات باسی لە کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کردووە و ئەوەی خستووەتەڕوو، "بە ھەموو شێوەیەک پشتیوانی لە چارەسەرکردنی کێشە و گیروگرفتەکانی نێوان حکومەتی ھەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدڕاڵ دەکەین، بە جێبەجێکردنی دەستوور و رێککەوتنە سیاسی و ئیدارییەکان، بەتایبەت کێشەی مووچە و بودجەی ھەرێمی کوردستان."

لەبارەی شۆڕشی ئەیلوولەوە مەکتەبی سیاسیی پارتی لە پەیامەکەیدا دەڵێت، ئەو شۆڕشە "سەلماندی، کە رەگوڕیشەی ئیرادە و ورەی پۆڵایینی رۆڵەکانی گەلەکەمان لەبن نایەن و تاوەکو بەدیهێنانی ئامانجەکانمان کۆڵ نادەین."

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا مەکتەبی سیاسیی پارتی ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم بۆنەیە بە دەرفەت دەزانن، "وەکو ھەمیشە جەخت لەسەر رێبازی رەگداکوتاوی کوردایەتی و نەتەوەیی و پارتایەتیمان بکەینەوە، بۆ پتەوکردنی ھەماھەنگی و ھاوگوتاریی سیاسی و ھاوھەڵوێستیی سەرجەم حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، بۆ چارەسەرکردنی گیروگرفتەکان و پاراستنی قەوارەی دەستووری و یاسایی ھەرێمی کوردستان و دەسکەوتەکانمان."

مەکتەبی سیاسیی پارتی جەخت دەکاتەوە "لەسەر سیاسەتی دروست و واقیعبینانەی سەرۆک (مەسعود بارزانی) و پارتیمان، کە لە پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلەکەمانەوە سەرچاوە دەگرن و، لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەکەش لەسەر بنەمای بەرژەوەندییە ھاوبەشەکان و ھاوسەنگیی و دەستێوەرنەدان بۆ دابینکردنی ئارامی و ئاوەدانی و سەقامگیرییە بۆ ھەموو لایەک."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.