رووداو دیجیتاڵ
نوێنەرێکی گرێبەستەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە وەزارەتەکەوە دڵنیایی پێدراوە گرێبەستەکان بەردەوام دەبن و هەڵناوەشێنەوە.
محەممەد نەجیب، یەکێک لە نوێنەرانی گرێبەستەکانی خوێندنی باڵا، ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دوێنێ سەردانی وەزارەتی خوێندنی باڵام کرد و لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەت گفتوگۆم کرد، دڵنیاییان پێداین گرێبەستەکان هەڵناوەشێنەوە".
04ـی ئەم مانگە دەنگۆی هەڵوەشاندنەوەی بەشێکی گرێبەستەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا بڵاوبووەوە و ئەوکات د. توانا نەجەف، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی وەزارەتەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوتبوو: "هیچ گرێبەستێکی خوێندنی باڵا هەڵناوەشێتەوە و بەردەوام دەبن لە ئەرکی خۆیان".
ئەو هەواڵەی بڵاوبووەوە تێیدا هاتبوو: "هەموو گرێبەستەکانی خوێندنی باڵا، کە بڕوانامەی دکتۆرا یان ماستەریان نەبێت گرێبەستەکەیان هەڵدەوەشێندرێنەوە".
مامۆستایانی گرێبەست لە خوێندنی باڵا ژمارەیان نزیکەی چوار هەزار کەسە و لەسەر بڕیاری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو لە وانەبێژییەوە کرانە گرێبەست.
بەگوێرەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی بۆ رووداو، هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکانی خویندنی باڵا تەنیا لە دەسەڵاتی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانە و ئەویش ئێستا هیچ پلانێکی لەو شێوەیەی لەبەردەستدا نییە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ