11 ساڵە جووتیارانی شنگال شایستە داراییەکانیان وەرنەگرتووە

11-09-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لە ساڵی 2014ـەوە شایستە داراییەکانی جووتیارانی شنگال خەرج نەکراوە کە بڕەکەی زیاتر لە 14 ملیار دینارە. پەرلەمانی عێراقیش بەدواداچوون بۆ خەرجنەکردنی ئەو پارەیە دەکات.

مەحما خەلیل، نوێنەری شنگال لە پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 11-09-2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پێش هاتنی داعش بۆ پارێزگای نەینەوا و بە دیاریکراوی قەزای شنگال، خەڵکی قەزاکە لە مانگەکانی حوزەیران و تەممووزی 2014 گەنمیان رادەستی سایلۆکان کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا شایستە داراییەکانیان وەرنەگرتووە کە بڕەکەی زیاتر لە 14 ملیار دینارە.
 
مەحما خەلیل، کە ئەو کاتە قایمقامی قەزای شنگال بووە، گوتی، ئەوکات و ئێستاش نووسراویان ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە بۆ ئەوەی شایستەی دارایی جووتیارانی شنگال بۆ ساڵی 2014 خەرج بکرێت، "بەڵێنیان داوە، بەڵام تاوەکو ئێستا جێبەجێیان نەکردووە."
 
لەوبارەوە دوێنێ چوارشەممە، شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە باڵەخانەی پەرلەمان سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی کرد. لە کۆبوونەوەکەدا پەرلەمانتاران د. ماجد شنکالی پەرلەمان، یوسف کیلابی و د. نەهلە ئەفەندی و ژمارەیەک لە بەرپرسانی حکومەتی فیدراڵیی عێراق ئامادەبوون، تاوتوێی هۆکارەکانی خەرجنەکردنی شایستەی دارایی جووتیارانی بۆ ساڵانی رابردوو کرا. 
 
شاخەوان عەبدوڵڵا داوای لە دامەزراوە پەیوەندیدارەکان کرد رێکاری پێویست بگرنەبەر و دەست بە خەرجکردنی شایستەکانی ئەو جووتیارانە بکەن و مافەکانیان بۆ بگەڕێننەوە و پاڵپشتییان بکەن.
 
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، رێنوێنیی داوە پێویستە رێوشوێن و رێکارە کارگێڕی و یاساییەکان تەواوبکرێن و پەلە بکرێت لە دڵنیابوونەوە لە خەرجکردنی شایستەی دارایی جووتیاران بۆ ساڵانی رابردوو.
 
لە سنووری پارێزگای هەولێریش نزیکەی 300 جووتیار، تاوەکو ئێستا پارەی گەنمی ساڵانی 2015 و 2016یان بە تەواوەتی وەرنەگرتووە.
 
حاجی سەلمان عەزیز، یەکێک لەو جووتیارانە بە رووداوی گوت: "پارەی گەنمی ساڵانی 2015 و 2016ـی نزیکەی 300 جووتیاری هەولێر، کە گوژمەکەی زیاتر لە 3 ملیار دینارە، هێشتا بە تەواوی نەدراوە. هەندێک لە جووتیاران بە ئاواتی وەرگرتنی ئەو پارەیەوە گیانیان لەدەستدا. دەگوترێت پارەکە لە بەغداوە نەهاتووە، بۆیە ئەرکی وەزارەتی بازرگانی و کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان بوو لیژنەیەک پێکبهێنێت و روونی بکاتەوە کە ئایا پارەکە لە بەغدایە یان لە هەرێمی کوردستان."
 
لەکاتێکدا جووتیاران چاوەڕوانن، حکومەتی عێراق جەخت دەکاتەوە ئەرکی خۆی جێبەجێ کردووە و دوای چەندین بەڵێن و دواخستن، لە ساڵی 2023دا شایستە داراییەکانی جووتیارانی هەرێمی کوردستانی ناردووە و دەڵێت، پارەکە بێ کەموکوڕی رەوانە کراوە.
 
محەممەد حەنوون، گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق رایگەیاند: "وەزارەتی بازرگانیی عێراق تەواوی هەوڵی خۆی دا بۆ بەدەستهێنانی شایستە داراییەکانی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵانی 2015 و 2016 و لە ئەنجوومەنی وەزیران توانی ئەو پارەیە خەرج بکات. بەڵگە و داتامان لایە کە تەواوی شایستە داراییەکان لە رێگەی لقی کۆمپانیای گشتیی دانەوێڵەوە خەرج کراوە و وەزیری بازرگانیی عێراق لەگەڵ وەزارەتی بازرگانیی هەرێمی کوردستان ئەو بابەتەی یەکلایی کردووەتەوە."
 
بەڵام لەگەڵ گوتەکانی بەرپرسانی بەغدا، بەپێی ئەو بەڵگە و سکاڵایانەی بەردەستن، لەکاتی دابەشکردنی پارەکەدا کێشەی کورتهێنانی نزیکەی یەک ملیار دینار بۆ ئەو 300 جووتیارەی هەولێر دروست بووە.
 
تاوەکو ئێستا 10 لەو جووتیارانەی هەولێر کۆچی دواییان کردووە و 290 جووتیارەکەی دیکەش، چاوەڕێی وەڵامی ئەو سکاڵایەن ساڵی رابردوو لە دژی وەزارەتی بازرگانیی هەرێمی کوردستان و سایلۆی هەولێر تۆماریان کردووە، بەڵام هێشتا چارەنووسی پارەکەیان نادیارە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.