رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، بە رەزامەندیی حیزبە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، سەرۆکی هەرێمی کوردستان 25ـی شوباتی ساڵی داهاتووی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکردووە و هیچ گومانێکیان لە دواخستنی نییە.
رۆژی چوارشەممە، 11ـی ئۆکتۆبەری 2023، دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە کاتی دیاریکراودا، رۆڵی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە هەموو هەنگاوە یاساییەکاندا تەواو بووە.
دڵشاد شەهاب گوتی، "هیچ گومانێک نییە" بۆ دواخستنی هەڵبژاردن لەو کاتەی دیاریکراوە، چونکە دیاریکردنی رۆژەکە لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە بە رەزامەندیی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بووە.
رۆژی 03-08-2023، دڵشاد شەهاب رایگەیاند، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رۆژی 25-02-2024ـی وەکو رۆژی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرد، ئەوەش دوای راوێژ و گفتوگۆ لەگەڵ سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان.
گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە گوتی، لەو رۆژەوەی مەرسوومی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن دەرکراوە، کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە گوێرەی بەرنامەی خۆیان دەستیان بە هەنگاوەکانی ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنەکە کردووە.
بڕیارە هەڵبژاردنەکە لەلایەن کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە بەڕێوەببرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ