رووداو دیجیتاڵ
چوارەمین خولی پێشانگەی بەرهەمە دەستییەکانی "نەتەوەکانی نێو ئێران" لە سنە دەستیپێکرد و بەشداربووانی ئەمساڵیش ئەم پێشانگەیە بە هەلێک دەزانن بۆ ناسینی زیاتری یەکدی و نەتەوە جیاوازەکان.
خاوەن پیشەیەکی دەستی دەڵێت، "ئەمڕۆ کە رۆژی یەکەمە، بەڵام پێموابێت زۆر باش بێت. ئە مجۆرە فێستیڤاڵانە زۆر باشن کە لە هەموو نەتەوەیەکەوە تێیدا بەشدار دەبن و دیاری و بەرهەمەکانی تایبەت بە خۆیان دەخەنەڕوو. زۆر باشە."
ئەمساڵ ژمارەیەکی زۆر خاوەن پیشە دەستییەکان لە پارێزگاکانی دیکەی ئێرانەوە، لە شوێنی هەمیشەیی پێشانگەکانی سنە ئامادەبوون و بەرهەمەکانی تایبەت بە ناوچەکانی خۆیان پێشکێش کردووە. ئەوان وەکو هەمیشە لە پێشوازیی گەرمی خەڵکی سنە لە بەرهەمەکانیان رازین.
خاوەن پیشەیەکی دیکەی دەستی باسی لەوە کرد، "ئەمە پێنجەمین جارە کە لەم جۆرە پێشانگەیانەدا بەشدار دەبین. پێشانگەیەکی باشە و لە هەموو پارێزگاکانەوە تێیدا بەشدارن، چ ئەوانەی خۆیان خەڵکی پارێزگاکەن و چ بەرهەمهێنەرانی پارێزگاکانی دیکەش، بەرهەمەکانی خۆیان دەخەنەڕوو. پێشوازیی خەڵکیش زۆر باش بووە. ئێمە بەهۆی ئەوەی پێنج جارە دێینە پارێزگای سنە، کولتووری خەڵکی ئێرە باش دەناسین. هەر بەو هۆیەشە هەمیشە لە پێشانگەکانی پارێزگای سنەدا بەشداری دەکەین."
ئەمساڵ بەڕێوەبەرایەتیی پیشە دەستییەکانی سنە 74 ژووری خستە بەردەست بەرهەمهێنەران و ئەو بەرهەمهێنەرانەی لەناو پارێزگاکەوە بەشدارییان کرد، ژوورەکانیان بێ بەرامبەر پێدراوە. ئەوەش وایکردووە خەمی کرێی شوێنەکەیان نەبێت و بە ئاسوودەیی بەرهەمەکانیان بفرۆشن.
لەگەڵ پێشانگەکە و پێشکێشکردنی ئەو بەرهەمە دەستییانە، چەندین رێوڕەسمی تایبەتی دیکەی فولکلۆریی نەتەوەکانی نێو ئێران بەڕێوەچوون و لەلایەن هاونیشتمانییانەوە پێشوازییان لێکرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ