رووداو دیجیتاڵ
نووسینی ناشرین رەچەتەی دەرمان لەلایەن پزیشکانەوە گرفتی بۆ دەرمانسازان دروست کردووە و دەڵێن، هەندێ جار بەهۆی ناشرینی نووسینەکەوە دەرمانی هەڵە دراوە بە نەخۆش و هەندێک پزیشکیش بە کۆد ناوی دەرمانەکان دەنووسن تاوەکو دەرمانخانەکانی خۆیان تەنیا لێی تێبگەن. بۆیە داوا دەکەن نووسینی رەچەتەی پزیشکی ببێتە ئەلیکترۆنی.
دەرمانسازان داوا دەکەن سەرجەم رەچەتە پزیشکییەکان، لە رێگەی کۆمپیوتەرەوە تەواوی زانیارییەکان لەسەر دەرمانەکە بنوسرێت. لەبارەی بە ئەلیکترۆنی کردنی نووسینی رەچەتەی پزیشکییەوە. وەزارەتی تەندروستی دەڵێت، بە ئەلیکترۆنی کردنی رەچەتە مۆڵەتی بۆ وەرگیراوە و ئێستا لە پرۆسەی تەندەرین دان.
لەبارەی ئەم گرفتەوە ئەنجوومەنی فەتوای کوردستانیش بە رووداوی گووت، "بە فەتوایەک رێککەوتنی نێوان پزیشک و دەرمانخانەکانمان حەرام کردووە، نابێت پزیشک نەخۆش بۆ ئەو دەرمانخانەیە بنێرێت کە هاوبەشی تێدا هەیە. چونکە حەرامە.
تاوەکو ئێستا لە گەرمیان رەچەتەی پزیشکی هاوشێوەی بەشێک لە ناوچەکانی دیکە بە دەستی رەچەتەی پزیشکی دەنوسرێت، لەوبارەیەوە سەنگەر عەلی، دەرمانسازە لە یەکێک لە دەرمانخانەکانی گەرمیان، دەڵێت، "رەچەتەی ئەلیکترۆنی باشترە لەبەر ئەوەی زۆرجار بەدەست و خەتی ناشرین توشی هەڵە بووین، بۆ ئەوە باشترە چونکە پزیشکەکان بە کۆد دەرمان دەنوسن بۆ ئەوەی بەس دەرمانخانەکەی خۆیان بتوانێت دەرمان وەربگرن."
دەرمانسازێکی دیکە لەوبارەیەوە گوتی، بە رای من گەر زانیاری زیاتر بنوسێت ئەوە رەچەتەی ئەلیکترۆنی باشترە گەر بە دەست و خەتێکی جوان بنوسرێت ئەوە دەستنوس باشترە، پزیشک هەیە ناوی دەرمانێکی نووسیوە نەخوێندراوەتەوە، بەهەڵە دەرمانێکی تر دراوە بە نەخۆش.
نەخۆشخانەی هیوا چەند ساڵێکە وەکو یەکەم نەخۆشخانەی حکومی بە رەچەتەی ئەلیکترۆنی کاردەکەن، بەگوتەی پزیشک و دەرمانسازەکان، دوور لە هەڵە و کێشەی و گرفتی کردوون، بە یەک کلیک هەرچی پێویست بێت بۆ نەخۆش جێبەجێ دەکرێت.
زەردەشت بەکر، یەکێکە لەو پزیشکانەی نەخۆشخانەی هیوا و دەڵێت، "کێشە و گرفتی بۆ نەخۆش و پزیشک کەمتر کردووەتەوە، رەچەتەی ئەلیکترۆنی کاتیشی بۆ گەڕاندووینەتەوە و هەندێک جار توشی گرفت بووین لەگەڵ دەرمانساز، لەبەر ئەوەی نەیانتوانیوە بیخوێننەوە."
وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستانیش دەڵێن، ئەوانەی رەچەتەی ئەلیکترۆنی بەکاردەهێنن ژمارەکەیان کەمە لە کەرتی گشتی و تایبەت دەیانەوێت بە یەک میکانیزم پزیشکانی هەردوو کەرت پابەند بە رەچەتەی ئەلیکترۆنی بکەن، چونکە نایشارنەوە دەستنوسی دەرمان توشی گرفتی زۆری کردوون.
د.رەهێڵ فەرەیدون، بریکاری وەزیری تەندروستی، رایگەیاند، ئەوانەی رەچەتەی ئەلیکترۆنی بەکاری دەهێنن ژمارەکەیان کەمە چونکە سەرەتای پرۆسەکەیە، وەکو وەزارەت داوامان کردووە و ئێستا ئەو پرۆژەیە لە تەندەریندایە.
بەپێی گوتەی پزیشکانی پسپۆر، تەنیا لە سەدا 10 بۆ 15 پزیشکان کار بە رەچەتەی ئەلیکترۆنی دەکەن، هاوکات وەزارەتی تەندروستیش بڕیاری بەکارهێنانی ئەو رەچەتەیە داوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ