رووداو دیجیتاڵ
نزیکەی مانگێکە خوێندنی قوتابیان (ساڵی 2023-2024) لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکردووە، بەڵام لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین و پەروەردەی کۆیە مامۆستایان بایکۆتی دەوامیان کراوە. سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان دەڵێت، "هەوڵ بۆ کردنەوەی دەرگەی قوتابخانەکان هەیە و دوێنی چەند قوتابخانەیەک لە سلێمانی دەوامی پۆلی 12یان دەستپێکردووەتەوە".
لە هەرێمی کوردستان، 13ـی ئەیلوول ساڵی نوێی خوێندن دەستیپێکرد. رۆژی چوارشەممە، 11ـی ئۆکتۆبەری 2023، کارۆخ عەبدوڵڵا، یەکێک لە نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە هەموو ئەو ناوچانەی دەوامیان تێدا نەکراوە بایکۆت بەردەوامە؛ هەفتانە چەند رۆژێک لەبەردەم پەروەردەکانیش خۆپێشاندان بەڕێوەدەبرێت".
داواکاریی مامۆستایان دوو بەشە؛ وانەبێژان داوای دامەزراندن بەشێوەی گرێبەست دەکەن و داواکاریی مامۆستایانی میلاکیش مووچەی مانگەکانی ئاب و ئەیلوولە.
ئەحمەد گەرمیانی، سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "پێموایە ئەمڕۆ و سبەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لیستی مووچەی مانگی ئاب رابگەیێنێت، مامۆستایانیش دەگەڕێنەوە بۆ قوتابخانەکان."
سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد، "دوێنێ لە چەند قوتابخانەیەکی شاری سلێمانی دەوامی قوتابیانی پۆلی 12ـی ئامادەیی دەستیپێکردووەتەوە".
لە هەرێمی کورستان نزیکەی ملیۆنێک و 800 هەزار قوتابی هەن؛ بەهۆی بایکۆتی مامۆستایانەوە لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، هەروەها ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین و پەروەردەی کۆیە، نزیکەی 700 هەزار قوتابی کە دەکاتە نزیکەی 40%ـی کۆی قوتابیان دەوامیان نەکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ