رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ هەینی 11-10-2024 تۆڕی میدیایی رووداو سێ خەڵاتی ستیڤی وەردەگرێت و دەیانهێنێتەوە هەولێر. رێوڕەسمەکە کاژێر 06:00ی ئێوارە دەستپێدەکات.
هەریەک لە بڕوا کیانی، بەڕێوەبەری رووداو دیجیتاڵ؛ بەڵگەفیلمی (ساڵێک شەڕ) و پرۆگرامێکی هاوبەشی رووداو و نەتەوە یەکگرتووەکان براوەی خەڵاتەکانن.
12 هەزار براند و دامەزراوەی گەورەی نێودەوڵەتی، کار و بەرهەم و تواناکانیان بەربژێر بوون بۆ وەرگرتنی خەڵاتەکانی ستیڤی؛ 3600 پسپۆڕی جۆراوجۆر لە سەرتاسەری جیهاندا هەڵسەنگاندنیان بۆ کارەکان کرد. رووداو براوەی سێ خەڵاتی زێڕین و برۆنزی رکابەرایەتییەکەیە.
رووداو دیجیتاڵ
لەو سێ خەڵاتە، دووانیان زێڕین و یەکێکیان بڕۆنزە. بڕوا کیانی، بەڕێوەبەری رووداو دیجیتاڵ خەڵاتەکەی زێڕینە. بڕوا کیانی توانیویەتی سەرنجی لیژنەکە بۆ بێ رکابەربوونی سۆشیاڵ میدیای رووداو رابکێشێت و خەڵاتی زێڕین وەکو بەڕێوەبەرێکی سەرکەوتوو لە ئاستی جیهان لە بواری بەڕێوەبردنی سۆشیاڵ میدیادا بباتەوە.
لیژنەکە لەسەر کارەکانی بڕوا کیانی دەڵێت، "روانینە ستراتیژییەکەی و سەرکردایەتیکردنەکەی گوڕێکی بەهێزی داوەتە بەشداریی رووداو لە جیهانی دیجیتاڵی دا. بەڕێوەبەری رووداو دیجیتاڵ وایکردووە بینینی پۆستەکانی رووداو لە 70 تاوەکو 80 هەزار کەسەوە بگەیێنێتە 500 هەزار تاوەکو 600 هەزار و لە فەیسبووکیش وابکات رووداو یەک ملیار بینینی هەبێت."
ساڵێک شەڕ
بەڵگەفیلمی (ساڵێک شەڕ) کە لەلایەن دڵنیا رەحمان و ئەحمەد عومەر لە نێوجەرگەی بەرەکانی شەڕی ئۆکراینا و رووسیا بەرهەمهێندراوە، خەڵاتی زێڕینی دووەمی بردووەتەوە.
ئەو بەرهەمەی رووداو، هێندە خاڵی لەلایەن ئەندامانی لیژنەکەی ستیڤییەوە پێدراوە کە بەپێی سیستمی خاڵبەندی بۆ بردنەوەی خەڵاتەکان هیچ دامەزراوەیەکی دیکە نەیتوانی پلەی دووەم یان سێیەمی پێبدرێت.
لیژنەکە لە پەسنی بەڵگەفیلمەکەدا دەڵێت، "ئەم کارە بە عەشقەوە کراوە. دەزانین وێنەگرتن و مۆنتاژکردنی چەند قورس بووە. بەڵگەفیلمێکی زۆر باشە و پێویستە هەموو کەسێک بیبینێت."
مۆنتاژی بەڵگەفیلمەکە لەلایەن بڕوا عومەرەوە کراوە.
لیژنەکە داوایەک لە رووداو دەکات و دەڵێت، "تکایە بەردەوام بن لەسەر ئەو کارە نایابەی دەیکەن. ئەو بەڵگەفیلمە شێلگیریی رۆژنامەڤانی، پرۆفێشناڵێتی، خۆخستنە نێو مەترسی لەپێناو گەیشتنە راستییەکان و چیرۆک گێڕانەوەی بەهێز پیشاندەدات. کارەکە دانسقەیە."
پێگەیاندنی رۆژنامەڤانی ژن
سێیەم خەڵات برۆنزە و پڕۆژەیەکی هاوبەشی رووداو و نەتەوە یەکگرتووەکان بردوویەتیەوە، کە بۆ پێگەیاندنی رۆژنامەڤانانی ژنە لە هەرێمی کوردستان و عێراق.
لیژنەکەی ستیڤی ئەو پرۆگرامەی رووداویان بە شایانی ئەو خەڵاتە نێودەوڵەتییە زانیوە و دەڵێن، "هەنگاوێکی یەکجار گەورەیە، لەبەرئەوەی یەکەمین پڕۆژەی هاوبەشی لەو جۆرەیە لەنێوان میدیایەکی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و نەتەوە یەکگرتووەکان."
لیژنەکە پێیوایە، "لە کاتێکدا زۆر میدیای دیکە خەریکی بەرهەمهێنانی نێوەڕۆکن لە بواری یەکسانیی نێوان ژن و پیاو، رووداو خەریکی ئاڵنگارییەکی یەکجار گەورەیە بۆ نەهێشتنی ئەو نایەکسانییە لەنێو هێزی کاری میدیاییدا. ئەم پێداگیرییە بۆ پەرەپێدانی کۆمەڵایەتی و بەهێزکردنی کۆمەڵگە نیشانەی گۆڕانکارییەکی مەزنی رووداوە بۆ هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی."
خەڵاتی ستیڤی، خەڵاتێکی نێودەوڵەتیی زۆر سەنگین و نێودارە لە بواری میدیاییدا. پێشتر لەلایەن CNN و NBC و BLOOMBERG و جەزیرە وەرگیراوە.
بێستوون نووری، بەڕێوەبەری نیوزگازەرینگی رووداو پیرۆزبایی لە خەڵکی کوردستان و بینەرانی رووداو دەکات و دەڵێت، "رووداو بەردەوام گەشە دەکات و ئاستی کارەکانی بەرزتر دەکاتەوە. هەنگاوی زۆر گەورەترمان دەبێت بۆ زیاتر کاریگەربوون و پێشکەوتنی زیاتر لەسەر ئاستی جیهان."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ