رووداو دیجیتاڵ
لە ئەنجامی کەوتنەوەی ئاگر لە سنووری گیەڵانی پارێزگای کرماشان 50 هێکتار لە دارستان و پووش و پاوان سووتا. قایمقامی شارەکە دەڵێ، ئاگرەکە لە پارێزگای ئیلامەوە گەیشتبوو.
ئاگرەکە رۆژی پێنجشەممە گەیشتە بەرزاییەکانی گیەڵانی سەر بە پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان و هەوڵەکان خرانەگەڕ بە مەبەستی کوژاندنەوەی. سادق خودادادی، قایمقامی شارەکە دوێنێ شەو رایگەیاند: ''تیمەکانی بەرگریی شارستانی، ژینگەپارێزان و خۆبەخشان ئاگرەکەیان کۆنترۆڵ کرد، بەڵام دوای زیانێکی زۆر.''
بەگوتەی سادق خودادادی، نزیکەی 50 هێکتار دارستان و پووش و پاوان لە سنووری شارەکە سووتاوە.
تاوەکو ئێستا هۆکاری سەرەکیی کەوتنەوەی ئاگرەکە نازانرێ، بەڵام لە سنووری سراوڵەی سەر بە پارێزگای ئیلامیش ئاگر لە دارستان و لەوەڕگەکان کەوتەوە. قایمقامی گیەڵان دەڵێت: ''ئاگرەکە لە ئیلامەوە تەشەنەی سەند و هاتە نێو دارستانەکانی ئێمە کە هاوسنوورن.''
بەگوێرەی راپۆرتێکی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی سەرچاوە سرووشتییەکانی پارێزگای کرماشان، لە 21-03-2025 تاوەکو 21-08-2025 لانیکەم 77 رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی پارێزگاکە تۆمارکراون کە بەهۆیانەوە 2 هەزار و 744 هێکتار دارستان و پووش و پاوان سووتاون.
هۆکارە مرۆییەکان هۆکاری بەشی زۆری سووتانی دارستانەکانن، بەڵام هۆکارە سرووشتییەکانیش رۆڵیان لە سووتانیاندا هەیە.
رووبەری پارێزگای کرماشان زیاتر لە دوو ملیۆن و 500 هەزار هێکتارە کە یەک ملیۆن و 630 هەزار هێکتاری دارستان و لەوەڕگەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ