رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی سلێمانی دەڵێ، بە تۆمەتی دزینی 45 مسقاڵ زێڕ و بڕێک پارە، دوو تۆمەتباری سواڵکەریان دەستگیرکردووە.
راگەیێندراوەکەی پۆلیسی سلێمانی ئەمڕۆ شەممە بڵاوکراوەتەوە و ئاماژە بەوەکراوە: "هاووڵاتییەک لە پۆلیسی بازیان سکاڵای تۆمارکردووە کە 45 مسقاڵ زێڕ و 2 ملیۆن و 400 هەزار دیناری دزراوە و لەسەر ئەو بنەمایە تۆمەتبارەکان دەستگیرکراون".
تۆمەتبارەکان هەردووکیان ژنن. سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "تۆمەتبارەکان دەستگیرکراون و دەستگیراوە بەسەر زێڕە دزراوەکەدا".
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی ناسنامەی تۆمەتبارەکانی بەمشێوەیە ئاشکرا کردووە: "ج، ح، ک لەدایکبووی 1970 و س، ح، ف لەدایکبووی 1984 و سواڵکەرن".

بەگوێرەی پۆلیسی سلێمانی، تۆمەتبارەکان دانیان بە تاوانەکەدا ناوە و بە گوێرەی مادەی 444 لە یاسای سزادانی عێراقی راگیراون.
لە مادەی 444ـی یاسای سزادانی عێراقیدا هاتووە، تاوانبار سزای زیندانیکردن دەدرێ بۆ ماوەیەک کە لە 7 ساڵ تێپەڕ نەکات، ئەوەش بەگوێرەی شوێنی دزییەکە و ژمارەی دزەکان گۆڕانی بەسەردا دێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ