سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ داوای ' بەشداری کارا'ـی خەڵک لە هەڵبژاردندا دەکات

11-10-2025
زانیار بەهادین
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە زیندانەوە داوای بەشداریکردنی فراوانی هاونیشتمانییان لە هەڵبژاردن دەکات.  
 
شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە تۆمارێکی دەنگیدا بۆ دەستپێکردنی بانگەشەی جوڵانەوەکەی رایگەیاند: "لەسەر گوتنی حەق و بەرگریکردن لە خەڵک لە زیندانم، بەڵام لە جاران بوێرتر دەبین."
 
شاسوار عەبدولواحید دەلێ، "پلانی زۆرباش مان داناوە بۆ دەربازکردنی خەڵک لەو دۆخەی تێیدایە و بەشداری حکومەتی داهاتووی عێراق دەکەین."
 
باسی لەوەشکرد، لەکاتی بەشداریکردنیان لە حکومەتی داهاتوودا هەوڵی بەجێکردنی مووچە و دەستپێکردنەوەی پێشینەی خانووبەرە و هاوسەرگیری دەدەن. 
 
شاسوار عەبدولواحید داوای لە هاونیشتمانییان کرد بە شێوەیەکی فراوان بەشداری هەڵبژاردنی داهاتوو بکەن و گوتی، "ئەگەر رێژەیەکی کەمی هاونیشتمانییان بەشداری هەڵبژاردن بکەن، دۆخی خەڵک خراپتر دەبێت".
 
شەوی 12ـی ئابی 2025، شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە ماڵەکەی خۆی لە شاری سلێمانی دەستگیر کرا. لە دانیشتنی سێیەمی دادگادا لە رۆژی 02ـی ئەیلوول، بە پێنج مانگ بەندکردن سزا درا.
 
جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق خاوەنی 9 کورسییە، لە پەرلەمانی کوردستانیش 15 کوردسی هەیە و خۆی وەک لایەنێکی ئۆپۆزسیۆن ناساندووە. 
 
رۆژی 3ـی تشرینی یەکەمی 2025 بانگەشەی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان و عێراق دەستیپێکرد، لیست و هاوپەیمانی و بەربژێرە سەربەخۆکان دەستیان بە بانگەشە کرد و هەوڵی کۆکردنەوەی دەنگ دەدەن بۆ ئەو هەڵبژاردنەی بڕیارە 11ی تشرینی دووەمی 2025 بەڕێوەبچێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە