ئاگربەستی تورکیا و پەکەکە خزمەتگوزاریی دەگەیێنێتە بەشێک لە گوندەکانی هەرێمی کوردستان

11-10-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سێ مانگ بەسەر رێوڕەسمی سووتاندنی چەک لەلایەن هاوسەرۆک و گرووپێک گەریلای پەکەکەوە تێدەپەڕێ. بەرپرسانی کارگێڕیی ناوچە سنوورییەکان دەڵێن، شەڕ لە ناوچەکانیان نەماوە. بەرپرسێکی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران باس لەوە دەکات، بەهۆی ئارامبوونەوەی دۆخەکەوە خزمەتگوزارییان بۆ هەندێک شوێنی دیکە دەستپێکردووە.
 
سنووری قەزای ئامێدی لە پارێزگای دهۆک یەکێک بوو لەو قەزایانەی زۆرترین بۆردوومان دەکرا و زۆرترینی گوندیشی بەهۆی شەڕی تورکیا و پەکەکەوە چۆڵکرابوو. قایمقامەکەی دەڵێت، "دۆخەکە ئارام بووەتەوە."
 
وارشین سەلمان، قایمقامی قەزای ئامێدی لە پارێزگای دهۆک، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەو ناوچانەی پێشتر بۆردوومان دەکران و شەڕی تورکیا و پەکەکەیان تێدا بوو ئێستا ئارامن."
 
بەشێکی گوندەکانی سنووری قەزای ئامێدی کە پێشتر بەهۆی شەڕەوە چۆڵکرابوون ئاوەدان بوونەتەوە و خەڵک گەڕاونەتەوە سەر ماڵ و رەز و باخیان.
 
قایمقامی ئامێدی گوتی، "ئاگاداری ناوچە سنوورییەکان نین، بەڵام ئەو ناوچانەی پێشتر بۆردوومان کراون، لە دوای چەکدادانی پەکەکەوە بۆردوومان نەکراونەتەوە و دۆخەکە ئارامە."
 
"لە ئیدارەکانی راپەڕین و سۆران بۆردوومان نەماوە"
 
11ی تەمموزی ئەم ساڵ، بۆ بەردەوامبوونی پرۆسەی چارەسەری لە تورکیا و باکووری کوردستان، گرووپێک گەریلای پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە ئەشکەوتی جاسەنە لە سنووری پارێزگای سلێمانی چەکەکانیان سووتاند.
 
پێش پڕۆسەی چارەسەری، لە سنووری پارێزگای هەولێر زۆرترین شوێن بۆردوومان کرابێت ناوچە سنوورییەکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بوون، لەنێویاندا قەزای سیدەکان.
 
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دۆخەکە ئارامە و هیودارین ئارامتر بێ، بۆ ئەوەی بتوانین دەستی ئاوەدانی بگەیێنینە هەموو گوندەکان."
 
پارێزگاری هەولێر گوتی، "بەهۆی شەڕی چەند ساڵی رابردووەوە زۆرترین هاونیشتمانی زیانیان بەرکەوت و نەشمانتوانی دەستی ئاوەدانی بگەیێنینە گوندەکان. داواکارین لە پەکەکە و حکومەتی تورکیا پابەندی ئاگر بەست بن بۆ ئەوەی چی دیکە خەڵکی ئێمەش نەبنە قوربانی و بتوانن سەردانی رەز و باخەکانیان بکەن و ناوچەکانیان ئاوەدان بکەنەوە."
 
هەژار حەکیم، بەرپرسی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لەدوای چەکدادانەوە دۆخی سیدەکان و هەموو ناوچەکانی دیکەمان ئاسایی بووەتەوە و هیچ بۆردوومانێک نەماوە."
 
هەژار حەکیم گوتی، "بەهۆی نەمانی شەڕەوە، دەستی ئاوەدانی گەیشتووەتەوە گوندەکان و ئێستا سەرقاڵی دروستکردنی رێگەیەکین بەناوی رێگەی بۆڵێ کە ستراتیژییە و 11 گوندی لەسەرە. پێش پڕۆسەی ئاشتی ئەو رێگەیە ناوچەی قەدەخەکراوی هاتووچۆ بوو بەهۆی بۆردوومانەوە."
 
یەکێکی دیکە لەو ناوچانەی چەندین جار بۆردوومان کراوە، بناری قەندیل بووە لە ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین. ئەمڕۆ سەرچاوەیەک لە ئیدارەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "وەک ئێمە ئاگاداربین لە دوای چەکدانانی پەکەکەوە بۆردوومان نەماوە."
 
کەنەکە: دۆخەکە ئارامە و هێرشی درۆنیی نەماوە
 
لە کاتی سووتاندنی چەکەکانی پەکەکەدا، یەکێک لەو لایەنانەی ئامادەی رێوڕەسمەکە بوون و ئاگاداری پڕۆسەکەن، کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە)یە.
 
د. حەکیم عەبدولکەریم، ئەندامی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بە گشتی دۆخەکە ئارامە و هیچ ئۆپەراسیۆن و هێرشێکی فڕۆکەی تورکیا بۆ باشووری کوردستان نەماوە."
 
ئەو ئەندامەی کەنەکە کە یەکێک بوو لە بەشدارانی رێوڕەسمی سووتاندنی چەکەکانی پەکەکە گوتی: "هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیش نەماوە لە باشووری کوردستان."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.