رووداو دیجیتاڵ
بەرەبەیانی ئەمڕۆ بەرگریی شارستانیی هەولێر لە کەوتنەوەی ئاگرێک لە گەڕەکی فەرمانبەرانی هەولێر ئاگادار کرایەوە. گوتەبێژی بەرگریی شارستانی دەڵێت، کچێکی تەمەن 17 ساڵ کە لە ماڵی مامی ژیاوە، 98%ـی جەستەی سووتاوە و گوایە گوتوویەتی، خۆی هەوڵی خۆکوشتنی داوە.
رۆژی شەممە، 11-11-2023، مقەدەم کاروان میراودەلی، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئاگرەکە کاژێر 10:30ـی شەوی رابردوو کەوتووەتەوە، بەڵام ئەوان کاژێر 01:00ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئاگادار کراونەتەوە و چوونەتە شوێنی رووداوەکە.
رووداوەکە لە گەڕەکی فەرمانبەران بووە لە هەولێر. کاروان میروادەلی دەڵێت، ئاگرەکە لە نهۆمی دووەمی ماڵێک بووە کە کچێکی تێدا ژیاوە کە ماڵی مامی بووە، چونکە کچەکە خۆی دایک و باوکی لە ژیاندا نەماون؛ گوتیشی، "بەهۆی رووداوەکەوە کچەکە 98%ـی جەستەی سووتاوە و بەشێکی نهۆمی دووەمی ماڵەکەش سووتاوە".
بە گوتەی کاروان میراودەلی، دوای رووداوەکە کچەکە بە پۆلیسی گوتووە، هۆکاری ئاگرەکە خۆی بووە و "هەوڵی خۆکوشتن"ی لە چێشتخانەی نهۆمی دووەمی ماڵەکە داوە.
کچەکە تەمەنی 17 ساڵە و رەوانەی نەخۆشخانەی ئیمێرجینسی هەولێر کراوە، بەهۆی زۆری رێژەی سووتاوییەکەیەوە تەندروستی ناجێگیرە.
بەگوێرەی بەرگریی شارستانیی هەولێر، ئەمساڵ تاوەکو کۆتایی مانگی رابردوو لە سنووری هەولێر زیاتر لە هەزار و 720 ئاگر کەوتوونەتەوە، لە ئەنجامیاندا 15 کەس گیانیان لەدەستداوە.
بەگوێرەی پۆلیسی هەرێمی کوردستان، ساڵی رابردوو حەوت هەزار و 546 رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ