رووداو دیجیتاڵ
شارەوانیی سلێمانی داوا لە دانیشتووانی 29 گوند دەکات کە بەشێکیان ئێستا فراوان بوون و وەکو گەڕەک کڕین و فرۆشتن بە خانوو و زەوییەکانییەوە دەکرێت، خانووی نوێ دروست نەکەن، چونکە رێکاریی یاساییان ماوە. بەرپرسی راگەیاندنی سەرۆکایەتیی شارەوانییەکە دەڵێت، هەر کەرسێک بێ رەزامەندی خانوو دروستبکات، خانووەکە دەڕووخێنن و خاوەنەکەیشی رووبەڕووی یاسا دەکەنەوە.
لە راگەیێندراوێکدا شارەوانیی سلێمانی بە دانیشتووانی 29 شوێن دەڵێت، رێکاریی یاسایی بۆ دروستکردنی خانوو لە سنوورەکەیان تەواو نەکراوە و نابێت خانوو دروستبکەن. ئەو شوێنانەی شارەوانیی سلێمانی وەکو گوند ناوی بڵاوکردوونەتەوە و زۆرینەیان ئێستا وەکو گەڕەک مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت، بەشێکیان پێشتر خانوویان تێدا دروستکراوە، لەوانە "گوندی قڕگە، گوندی قەرەتۆغان، گوندی کەڵەکن، گوندی کانی گۆمە، گوندی عەواڵ، گوندی کۆستەی چەم و گوندی ئاوبارە، خێوەتە و مەلا داود".
ئەمڕۆ شەممە، 11-11-2023، زەردەشت رەفیق، بەرپرسی راگەیاندنی سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەوانەی پێش ساڵی 2021 خانوویان لەو گوندانە دروستکردبێت فۆرمیان هەیە و کێشەی یاساییان نییە، بەڵام ئەوەی لە دوای ئەو رێککەوتەوە دروستکرابێت یان لەمەودوا دروستبکرێت بە نایاسایی دادەنرێت، چونکە سنوورەکەیان رێکارە یاساییەکانی دروستکردنی خانووی تێدا تەواو نەبووە.
بەرپرسی راگەیاندنی سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی گوتی، ئەوانەی گوێ بە هۆشیارییەکە نەدەن و لەو سنوورانە خانوو دروست دەکەن، لەلایەن بەشی زێدەڕۆیی شارەوانییەوە خانووەکەیان دەڕووخێندرێت و دەدرێنە دادگە و رووبەڕووی یاسا دەکرێنەوە.
لە راگەیێندراوەکەدا کە لەژێر ناوی "ئاگاداری و هۆشیاریی یاسایی" بڵاوکراوەتەوە، سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی دەڵێت، بەگوێرەی یاسای قەدەخەکردنی زێدەڕۆیی (ژمارە 3 ساڵی 2018) خانووکردنی لە سنووری گوندەکانی ناو ماستەرپلانی شاری سلێمانی راگرتووە، چونکە "سنوورە فراوانکراوەکانی ئەو گوندانە تەنیا رێکاری ئەندازەییان بۆ کراوە و هێشتا رێکارە یاساییەکانیان تەواونەکراوە و هەتا ئامادەکردنی ئەم ئاگادارییە بڕیارەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە فراوانکردنی حەرەمی 29 گوند لەو گوندانە پەسند نەکراوە؛ بۆیە لە رووی یاساییەوە ئەو سنوورە فراوانکراوانە بە (سنووری حەرەمی گوند) دانانرێن، بەڵکو بە (سنووری گەڕەکی ئەو گوندە) دادەنرێن و بەر یاسای تاپۆکردنی خانووە زیادەڕۆکان (ژمارە 3ـی ساڵی 2019 هەموارکراو) دەکەون نەوەک یاسای تاپۆکردنی حەرەمی گوندەکان (ژمارە 12 ساڵی 2012".
شارەوانیی سلێمانی رایگەیاندووە، "یەکێک لە مەرجەکانی تاپۆکردنی خانووی زێدەڕۆ واتە خانووی دەرەوەی سنووری حەرەمی گوند ئەوەیە کە خانووەکە پێش رێککەوتی (31-12-2022) دروستکرابێ؛ بۆیە شارەوانیمان ناتوانێ رێگەپێدان بدات بە دروستکردنی خانوو لەو سنوورە فراوانکراوانەدا هەتا بەیاننامەیان بۆ دەردەچێ بە ئەژمارکردنیان بە سنووری حەرەمی گوند، ئەو کات بەر یاسای (ژمارە 12ی ساڵی 2012) دەکەون و دەتوانین رێگەپێدانیان بدەینێ بە دروستکردنی خانوو، چونکە خانووی ناو حەرەمی گوند بە خانووی زێدەڕۆ دانانرێ".
گوندەکان 29 گوندن و ئێستا بەشێکیان وەکو گەڕەک لە سلێمانی فراوان بوون. شارەوانی سلێمانی لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژەی بەوەکردووە، "پێویستە موختاری ئەو سنورانە رێگە نەدەن بە كاری نایاسایی لە سنورەكانیان بکرێت".
ناوی ئەو شوێنانەی شارەوانیی سلێمانی وەکو گوند ناوەکانی بڵاوکردوونەتەوە ئەمانەی خوارەوەن:
گوندی قڕگە
گوندی قەرەتۆغان
گوندی کەڵەکن
گوندی کانی گۆمە
گوندی عەواڵ
گوندی کۆستەی چەم
گوندی خەلیفاوا
گوندی ئاوبارە
گوندی خێوەتە
گوندی ئاشەسپی
گوندی مەلا داود
گوندی کانی بەردینە
گوندی بابان
گوندی کەنەسوورە
گوندی قولەرەیسی سەروو
گوندی هوانە
گوندی شێخ وەیساوا
گوندی ئاڵیاوای خواروو
گوندی بەردەکەڕ
گوندی فەرەج ئاوا
گوندی ژاڵەی خواروو
گوندی ژاڵەی سەروو
گوندی ژاڵەی جەزا جاف
گوندی رازیانەی کۆن
گوندی رازیانەی نوێ
گوندی رازیانەی کانی شینکە
گوندی داربەڕووڵە
گوندی سەماوات
گوندی ناوگردان
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ