کوردستان
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ستیڤن هیچن، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق. وێنە: KRG
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق کرد. بەگوێرەی راگەیێندراوێکی حکومەت، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، دۆخی سیاسی و ئەمنی عێراق و ناوچەکە، بەشێک بوون لە گفتوگۆکانیان.
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا کە ئەمڕۆ شەممە، 11-11-2023 بڵاویکردووەتەوە، دەڵێت، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ستیڤن هیچن، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق کرد و "لە کۆبوونەوەکەدا، دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی دۆخی سیاسی و ئەمنیى عێراق و ناوچەکە و چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ و پەرەپێدانی پەیوەندی دوولایەنە تاوتوێ کران".
دەشڵێت، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و دوورخستنەوەی لە شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و پاراستنی سەلامەتیى هێزەکانی هاوپەیمانان و باڵیۆزخانە و نێردە دیپلۆماسییەکان لە عێراق.
ئاماژە بەوەش کراوە، پێویستیی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا و ئامادەکارییەکان لەمبارەیەوە، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوون.
بڕیارە رۆژی 25ـی شوباتی 2024 هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت و بۆ ئەمەش، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان داوای لە لایەنەکان کردووە، کار بۆ دواخستنی وادەکە نەکەن و لە کاتی خۆیدا ئامادە بن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ