رووداو دیجیتاڵ
یەکێتیی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان دوای تێپەڕینی 11 ساڵ لە کۆنگرەی پێنجەم، ئەمڕۆ لە هەولێر شەشەمین کۆنگرەی بە ناونیشانی "یەکڕیزی و یەکدەنگی و پاراستنی دەستکەوتەکانی گەل و ئازادی و سەربەخۆیی کوردستان" دەستپێکرد و سکرتێری گشتیی حیزبەکەش داوای یەکڕیزی و یەکهەڵوێستی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان دەکات.
سەرەتای کۆنگرەکە بە گوتاری ئەحمەد عەبدوڵڵا، بەتەمەنترین ئەندامی کۆنگرە دەستیپێکرد و لە گوتارەکەیدا ئاماژەی بەو پرسانەدا کە دەبێت لەنێو کۆنگرەدا تاوتوێ بکرێن و گوتی؛ "ناوچەکە بە دۆخێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت و ئەوەش کاریگەری لەسەر هەرێمی کوردستان دەبێت، بۆیە پێویستە هەموو لایەنەکان بە هەستیارییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو دۆخە نوێیە بکەن، یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان بە بەرپرسیارێتییەوە دەڕوانێتە ئەو دۆخە نوێیە و مامەڵەی لەگەڵدا دەکات."
یەکێتیی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان "یندک" 28 ساڵ لەمەوبەر یەکەم کۆنگرەی خۆی بەستووە و لەو کۆنگرەیەدا ئامانجی حیزبەکەی دیاریکردووە کە هەوڵدانە بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستان لە هەر چوار پارچەی کوردستان.
غەفوور مەخمووری، سکرتێری گشتیی یەکێتیی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان ئامانجی کۆنگرەکەی خستەڕوو و رایگەیاند؛ "یەکڕیزی و یەکدەنگی لایەنە سیاسیی و پێکهاتەکانی گەلی کوردستان فاکتەری سەرەکین بۆ چەسپاندن و پاراستن و بەرەوپێشبردنی دەستکەوتەکانی گەلی کوردستانە".
سکرتێری گشتیی یەکێتیی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان ئاماژەی بە دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و کاریگەرییەکانی لەسەر کوردستان کرد و گوتی؛ "پێویستە هەمووان بەیەکەوە کار بکەین بۆ داڕشتنی کارنامەیەکی نەتەوەیی و نیشتمانی بۆ چۆنیەتی مامەڵەکردن و خۆ گونجاندن لەگەڵ ئەو پێشهات و ئەگەرانەی دێنە پێش و کاریگەرییان لەسەر پرسی کوردستان دەبێت".
غەفوور مەخمووری لەبارەی بارودۆخی نێوخۆی هەرێمی کوردستان و پەیوەندی لایەنە سیاسییەکان دووپاتیکردەوە؛ "ناوەندی سیاسیی کوردستان پەرش و بڵاو و لێکترازاوە، لایەنە سیاسییەکان بەردەوام لە ناکۆکی و ململانێدان و ئەم رەوشەش نیگەرانییەکی زۆری دروستکردووە. بە پێویستی دەزانین بە زووترین کات نێوماڵی کوردستان یەکبخرێتەوە".
سکرتێری گشتیی یەکێتیی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان پێیوایە؛ "تاوەکو ئێستا هیچ گۆڕانکارییەکی ئەرێنی لە سیاسەت و هەڵسوکەوتی حکومەتی عێراق بۆ نزیکبوونەوە لە کوردستان رووینەداوە و بەردەوام دژایەتی خواستەکانی گەلی کوردستان دەکەن و هەمان سیاسەت و هەڵەی حکومەتەکانی پێشوو بەرامبەر کورد دووبارە دەکەنەوە، بۆیە دەبێ لایەنە سیاسییەکان یەکدەنگ و یەکهەڵوێست و بە یەک تیم مامەڵە لەگەڵ حکومەتی عێراق بکەن و ئەوەش دەبێتە هۆی بەهێزبوونی پێگەی کورد."
غەفوور مەخمووری پاراستنی قەوارەی سیاسیی و نەتەوەیی باشووری کوردستان بە ئەرکی نەتەوەیی و ئەخلاقی هەموو حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان هەژمار دەکات و دەشڵێت؛ "پێویستە هەموو لایەکمان لەپێناو بەهێزکردن و هێشتنەوەی ئەو قەوارە سیاسییەدا کار بکەین".
یەکێتیی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان "یندک" لە ساڵی 1995 لەلایەن غەفوور مەخموورییەوە دامەزرا و ئامانجی دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردییە لە ھەر چوار پارچەی کوردستان و یەکەم کۆنگرەی 17ـی ئاداری 1995 لە هەولێر بەست.
یندک، کۆنگرەی دووەمی لە ساڵی 1996 کۆنگرەی سێیەمی لە ساڵی 1999 و کۆنگرەی چوارەمی، ساڵی 2002 بەست و دوای 10 ساڵ کۆنگرەی پێنجەمی لە ساڵی 2012 بەست، ئێستاش دوای 11 ساڵ لە کۆنگرەی پێنجەم رێوڕەسمی کۆنگرەی شەشەمی حیزبەکەی بەڕێوەبرد و بڕیارە کۆنگرەکە سێ رۆژ بخایێنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ