رووداو دیجیتاڵ
پێشبینی دەکرێت لەم هەفتەیەدا لە هەرێمی کوردستان باران ببارێت. کەشناسێک دەڵێت، سێشەممە شەپۆلەکە بە لاوازیی لە پارێزگای دهۆک دەستپێدەکات و رۆژی چوارشەممە تەواوی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە. گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر دەڵێت، "لە مەترسی لافاو ئاگادارن و 49 بنکەی ئاگرکوژێنەوەیان لە ئامادەییدا دەبن."
ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسیی ئەمڕۆ شەممە، 11-11-2023، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، سبەی یەکشەممە شەپۆلێکی لاوازی بارانبارین سنووری هەردوو پارێزگاکانی دهۆک و نەینەوا دەگرێتەوە و کاریگەریی بۆ سەر شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان نابێت.
ئەو کەشناسە ئاماژەی بەوەکرد، پێشتر پێشبینی کراوە نێوەڕاستی ئەم مانگە شەپۆلێکی بەهێز هەرێمی کوردستان بگرێتەوە و لە هەندێک ناوچە ئەگەری لافاوی هەبێت، بەڵام کەشەکە گۆڕاوە و گوتیشی، "رۆژی سێشەممە شەپۆلێکی بارانبارین سەرەتا لە پارێزگای دهۆکەوە بەلاوازی دەستپێدەکات، بەڵام رۆژی چوارشەممە، 15ـی ئەم مانگە شەپۆلەکە فراوان دەبێت و تەواوی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و بەشێوەی مام ناوەند دەبێت؛ بەگوێرەی نوێترین گۆڕانکارییەکانی ئەمڕۆ مەترسی دروستبوونی لافاوی لە هێچ شارێک لێ ناکرێت، بەڵام بارانی باش دەبارێت و لە تەواوی هەرێمی کوردستان پەڵەدەدات."
بە گوتەی ئاراس جەبار، شەپۆلەکە رۆژی هەینی بەردەوام دەبێت و لە رۆژی شەممە کۆتایی دێت. گوتیشی، "شەپۆلێکی دیکەی بارانبارینی بەهێز بۆ رۆژانی یەکشەممە و دوو شەممەی هەفتەی داهاتوو هەیە، بەڵام تاوەکو ئەو کاتە ئەگەر هەیە بگۆڕێت."
موقەدەم کاروان میراودەلی، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە سنووری هەولێر 49 بنکەی ئاگرکوژێنەوە هەن و هەموویان لە ئامادەییدا دەبن بۆ هەر ئەگەرێکی نەخوازراو".
میراودەلی گوتی، "بە پشتبەستن بە راپۆرتی کەشناسی، لە ئەمڕۆوە ئامادەکارییەکانیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەگەری لافاو دەستپێکردووە و لە هەموو بنکەیەکیان سێ بۆ چوار تیم پێکدەهێنن، کە هەر تیمێک چوار کارمەندی تێدا دەبێت و لەو رۆژانەی ئەگەری لافاو هەبێت لە ئامادەییدا دەبن".
بەگوێرەی راگەیێندراوی کەشناسیی هەرێمی کوردستان کە ئەمڕۆ شەممە بڵاوی کردووەتەوە، سبەی یەکشەممە ئاسمان لە نێوان نیمچە هەور و هەوری تەواو دەبێت و پلەی گەرما نزیک دەبێتەوە لە تۆمارکراوی ئەمڕۆ.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، بەرزترین پلەی گەرما سبەی لە باشووری کوردستان بەمشێوەیەی خوارەوە دەبێت:
هەولێر؛ 26 پلەی سیلیزی
سلێمانی؛ 24 پلەی سیلیزی
دهۆک؛ 26 پلەی سیلیزی
کەرکووک؛ 28 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە؛ 26 پلەی سیلیزی
زاخۆ؛ 27 پلەی سیلیزی
سۆران؛ 24 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران؛ 18 پلەی سیلیزی
گەرمیان؛ 30 پلەی سیلیزی
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ