وەزارەتی کشتوکاڵ: هەناردەکردنی هەنار دەستیپێکردووە و ئەم ساڵ هەناری زیاتر دەنێرینە دەرەوە

11-11-2023
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

ئەم ساڵ 60 تۆن هەناری هەرێمی کوردستان هەناردەی بەریتانیا کراوە. سەرۆکی تیمی وەزارەتی کشتوکاڵ بۆ بەبازاڕکردنی بەرهەمی جووتیاران دەڵێت، هەناری زیاتر هەناردەی ئیمارات و وڵاتانی ئەوروپا دەکەن.
 
ئەمڕۆ شەممە، 11-11-2023 رزگار حەمەد خدر، راوێژکار لە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان کە هاوکات سەرۆکی تیمی وەزارەتەکەیە بۆ بەبازاڕکردنی بەرهەمی جووتیار و باخەوانان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بە هاوبەشی لەگەڵ نووسینگەی بەڕێز سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، ئەمساڵ رێککەوتن لەگەڵ کۆمپانیای جیاواز کراوە بۆ هەناردەکردنی هەنار، سێو و هەنگوینی هەرێمی کوردستان بۆ دەرەوە".
 
ساڵی رابردوو 2 هەزار تۆن هەناری هەرێمی کوردستان هەناردەی ئیمارات کرا و لەوێشەوە نێردرایە بەشێکی دیکەی وڵاتانی کەنداو. رزگار حەمەد خدر دەڵێت، پلانیان وایە ئەم ساڵ هەناری زیاتر رەوانەی دەرەوە بکەن و 19ـی مانگی رابردوو 60 تۆنیان رەوانەی بەریتانیا کردووە.
 
سەرۆکی تیمی وەزارەتی کشتوکاڵ بۆ بەبازاڕکردنی بەرهەمی جووتیار و باخەوانان دەڵێت، بە سەرپەرشتی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، چەند کۆمپانیایەک کێبڕکێیان کردووە بۆ بەدەستهێنانی مافی ئامادەکردن و هەناردەکردنی هەنار، سێو و هەنگوین و لە ئەنجامدا سێ کۆمپانیا هەریەکەیان بۆ یەکێک لەو سێ بەرهەمە لە کێبڕکێکەدا سەرکەوتوو بووە. 
 
22 هەزار دۆنم زەوی باخی هەنار لە هەرێمی کوردستان هەیە
 
رزگار حەمەد خدر دەڵێت، لە هەرێمی کوردستان 22 هەزار دۆنم زەوی باخی هەنار هەیە و زۆرینەی لە پارێزگای هەڵەبجەیە کە 9 هەزار دۆنم باخە.
 
بەرهەمی هەناری هەرێمی کوردستان ساڵانە زیاتر لە 80 هەزار تۆنە، ئەوەی ساڵی رابردوو هەناردەکرا زۆرینەی هەناری هەڵەبجە و بەشێکی هەناری زاخۆ بوو. بۆ ئەمساڵ پلانەکە بە هەمان شێوەیە.
 
سەرۆکی تیمی وەزارەتی کشتوکاڵ بۆ بەبازاڕکردنی بەرهەمی جووتیار و باخەوانان دەڵێت، حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاسانکاری زۆر بۆ هەناردەکردنی بەرهەمی نێوخۆ دەکات؛ گوتیشی، "خاوەنی باخەکانی هەنار دڵخۆشن بە هەناردەکردنی بەرهەمەکانیان کە سەتان هەلی کاریشی رەخساندووە".
 
کڕینی هەنار لە خاوەنی باخەکان بە کۆیە. رزگار حەمەد خدر دەڵێت، کۆمپانیای مۆڵەتپێدراو بەرهەمی ساڵێکی باخ لە خاوەنی باخەکان دەکڕێت، ئەوەش وادەکات باخدار بۆ ساڵانی داهاتوو رووبەڕی باخەکەی فراوانتر بکات و کواڵێتی بەرهەمەکەشی بەرزتر بکاتەوە؛ گوتیشی، "بەرهەمی ئەمساڵی هەنار زۆر لە پار باشترە."
 
"بڕوانامەی تەندروستی گرفتی بۆ هەناردەی هەنار دروستکردووە"
 
بڕوانامەی تەندروستیی رووەکی کێشەی بۆ هەناردەی بەرهەمی جووتیار و باخەوانانی هەرێمی کوردستان بۆ دەرەوە دروستکردووە. سەرۆکی تیمی وەزارەتی کشتوکاڵ بۆ بەبازاڕکردنی بەرهەمی جووتیار و باخەوانان دەڵێت، لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق لەسەر هێڵن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە و دەیانەوێت لە داهاتوودا بە جۆرێک بێت هەرێمی کوردستان خۆی بڕوانامە تەندروستییەکە بدات و پێویستی بە بڕوانامەی تەندروستیی رووەکی عێراق نەبێت.
 
ئەم ساڵ جگە لە هەنار، بڕیارە پێنج هەزار تۆن پەتاتە بۆ وڵاتانی کەنداو بنێدرێت؛ بەشێکی نێردراوە و هەناردەکردنی بەردەوامە.
 
ساڵانە حکومەتی هەرێمی کوردستان باج دەخاتەسەر ئەو بەرهەمانەی لە وەرزی پێگەیشتندان. راوێژکارەکەی وەزارەتی کشتوکاڵ گوتی، "ئەمساڵ بۆ یەک کیلۆ هەنار، هەزار دینار باج دانراوە بۆ هاوردەکردن، چونکە بەرهەمەکە پێداویستیی نێوخۆ پڕدەکاتەوە و باجەکەش بۆ پشتیوانی لە بەرهەمی نێوخۆ و جووتیار و باخەوانانە و بۆ ئەوەیە بە باشی بەرهەمەکەیان ساخبکەنەوە."
 
هەناری هەرێمی کوردستان لە سەرەتای ئەیلوولدا پێدەگات و تاوەکو 15ی مانگی 12 بەرهەم دەمێنێت.
 
بەگوێرەی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان بۆ رووداو، ئێستا لە هەرێمی کوردستان لە کاتی پێگەیشتنیاندا 20 جۆر سەوزە و شەش جۆر میوە پێداویستیی نێوخۆ پڕدەکەنەوە؛ بۆیە هەموویان لەکاتی پێگەیشتندا هاوردەکردنیان باجی دەخرێتەسەر، ئەویش بەگوێرەی یاسای ژمارە 4ی ساڵی 2008ی پەرلەمانی کوردستان.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.