سەرپەرشتیارێک: خوێندنی کوردی لە کەرکووک پشتگوێخراوە

11-11-2024
پەیمان محەممەد
چەتۆ نەجم، سەرپەرشتیاری پەروەردەیی لە کەرکووک.
چەتۆ نەجم، سەرپەرشتیاری پەروەردەیی لە کەرکووک.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سەرپەرشتیارێکی خوێندنی کوردی لە کەرکووک دەڵێت، پرۆگرامی خوێندنی کوردی لە شارەکە وەڵامدەرەوەی خواستی خەڵک نییە؛ ئاماژە بەوەش دەکات کە ''وەزارەتی پەروەردەی بەغدا بایەخ بە خوێندنەکە نادات''.
 
ئەمڕۆ دووشەممە، 11-11-2024، چەتۆ نەجم، سەرپەرشتیاری پەروەردەیی لە کەرکووک، لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 10:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە ئارێز خالید پێشکێشیکرد، لەبارەی کێشەکانی خوێندنی کوردی لە پارێزگاکە رایگەیاند، ''کەموکوڕی هەن، بەڵام دەبێ بە گەشبینییەوە بڕوانینە خوێندنی کوردی کە هەنگاوی باشی بڕیوە و گەیشتووەتە قۆناخێک کە دڵخۆشکەرە.''
 
چەتۆ نەجم گوتی، ''پێویستە وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان پلانی بۆ خوێندنی کوردی لە کەرکووک هەبێت کە ئێستا لە کەرکووک خاوەنی ئەو دەسەڵاتە رەهایە نییە و زۆربەی بابەتەکانمان دەگەڕێنەوە بۆ وەزارەتی پەروەردەی عێراق.''
 
بەگوتەی ئەو سەرپەرشتیارەی خوێندنی کوردی، وەزارەتی پەروەردەی عێراق هیچ بەرنامەیەکی بۆ قوتابخانە کوردییەکان نییە و بایەخ بە هیچ شتێک نادات پەیوەندی بە خوێندنی کوردی لەو شارە هەبێت. 
 
وەک ئەو سەرپەرشتیارەی خوێندنی کوردی ئاماژەی دا، لە ساڵی 2003ەوە تاوەکو 16ـی ئۆکتۆبەری 2017، خوێندنی کوردی لە کەرکووک پەرەی پێدرا و ''لەوانەیە لەو کاتەیشدا هەندێک لە قوتابیانی نەتەوەکانی دیکەش حەزیان لە خوێندنی کوردی بووبێت، بەڵام لە 16ـی ئۆکتۆبەرەوە دۆخەکە گۆڕا و کورد هیچ دەسەڵاتیكی لە شارەکە بەدەستەوە نەما، ئەوەش کاریگەری لەسەر پاشەکشەی خوێندنەکە هەبوو.''
 
چەتۆ نەجم گوتیشی، بەڵام لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە کۆتایی ساڵی رابردووەوە بابەتەکە گۆڕاوە و بە ''گەشبینی''ـیەوە لە خوێندنی کوردی دەڕوانن.
 
بەشێک لە هاونیشتمانییان ئامادە نین منداڵەکانیان بنێرنە خوێندنی کوردی. چەتۆ نەزم گوتی، ''ئەو خوێندنەی ئێمە پێشکێشی دەکەین، لە زانیاریی مامۆستایان و پرۆگرامی پەروەردەییەوە بگرە تاوەکو ژمارەی قوتابخانەکان و مووچەی مامۆستایان، وەڵامدەری پرسیار و خواستی خەڵک نییە؛ بۆیە ناکرێ گلەییان لێ بکەین.''
 
بەگوێرەی بەدواداچوونێکی تۆڕی میدیایی رووداو، 141322 قوتابی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان لە 738 قوتابخانە لەژێر سەرپەرشتیی 15943 مامۆستا و فەرمانبەر لە خوێندنی کوردی دەخوێنن کە نزیکەی 100 هەزاریان لە 550 قوتابخانەی خوێندنی کوردی کەرکووکن.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.