لە کەرکووک شەڕ روویدا؛ دوو پۆلیس کوژران و دوو هاونیشتمانیش بریندار بوون

11-11-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

درەنگی شەوی رابردوو تاوەکو نزیک بەرەبەیانی ئەمڕۆ، لە شاری کەرکووک شەڕەتەقە روویدا و بەهۆیەوە دوو پۆلیس کوژران و دوو هاونیشتمانیش بریندار بوون. سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگاکە داوای لێکۆڵینەوەی ورد دەکات.
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو، شەڕەکە لە گەڕەکی رێگەی بەغدا لەنێو شاری کەرکووک رووداوە و هێزەکانی دژە تیرۆر و سوپای عێراق چوونەتە نێو شار و ئێستا دۆخەکە کۆنترۆڵ کراوە.
 
هیوا حوسامەدین، پەیامنێری رووداو لە کەرکووک دەڵێ: "شەڕەکە تەشەنەی کرد بۆ نزیک گەڕەکەکانی رەحیماوا و شۆڕیجە، دواتر هێزە ئەمنییەکان هاتن و دۆخەکەیان کۆنترۆڵ کرد".
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، ئاڵۆزییەکان لەنێوان لایەنگرانی کورد و تورکمان روویداوە. پەیامنێری رووداو گوتی: "گەنجانی کورد ئەم هەڵبژاردنە بۆ یەکەم جارە ئاڵای کوردستان بەرز دەکەنەوە لەکاتی بانگەشەدا، شەوی رابردوو لە نزیک باڵەخانی کۆنی پارێزگار لەکاتی گەڕانێکی بانگەشەکارانی کورددا شەڕەکە روویداوە".
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، شەڕەکە سەرەتا دەستەویەخە بووە، دواتر گەورە بووە و بە پۆلیسی کەرکووک کۆنترۆڵ نەکراوە، پاشان دژە تیرۆر و سوپای عێراق چونەتە شوێنی شەڕەکە و دۆخەکەیان هێور کردووەتەوە.
 
بە گوێرەی پەیامنێری رووداو: "دوو پۆلیسی فریاکەوتنی کەرکووک گیانیان لەدەستداوە، دوو هاونیشتمانیش بە سەختی برینداربوو".
 
بەهۆی رووداوەکەوە شەش کەس بە تۆمەتی تەقەکردن دەستگیرکراون. پۆلیس بۆ زانینی هۆکاری رووداوەکە لێکۆڵینەوەی دەستپێکردووە.
 
لە شەڕەکەدا گولـلە و بەرد بە کارهێندراون و بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە و ئەوانەشی برینداربوون شوێنی گولـلە بە جەستەیانەوە دیارە.
 
بۆ رێگری لە دووبارەبوونەوەی ئاڵۆزی، لە چەند گەڕەکێکی کەرکووک دژە تیرۆری عێراق جێگیرکراون.
 
محەممەد ئیبراهیم حافز، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لەبارەی رووداوەکە لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "ئەو دوو کەسەی شەهیدبوون بەهۆی ئاژاوەی لایەنگرانی دوو حزیبی سیاسییەوە بووە".
 
سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کە لە نەتەوەی عەرەبە رایگەیاند: "لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، ئەم رووداوە بە کارێکی مەترسیدار دەزانین کە شکۆی دەوڵەت دەشکێنێت و ئاشتی کۆمەڵایەتی دەخاتە مەترسییەوە".
 
محەممەد ئیبراهیم حافز ئاماژەی بەوەکرد، داوایان کردووە، هێزە ئەمنییەکان "بە زووترین کات" لێکۆڵینەوەیەکی ورد لە رووداوەکە بکەن.
 
رووداوەکە لەکاتێکدایە، بڕیارە کاژێر 07:00ـی بەیانی ئەمڕۆ 11-11-2025، هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە عێراق و باشووری کوردستان بەڕێوەبچێت.

 

 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.