عەلی حەمە ساڵح: بەهۆی خۆپێشاندانەکانەوە نزیکەی 400 کەس دەستگیرکراون

11-12-2020
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
نیشانەکردن خۆپێشاندان پەرلەمانتارانی مانگرتوو
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

عەلی حەمە ساڵح، پەرلەمانتاری بزووتنەوەی گۆڕان لەبەردەم بینای پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، گەر دۆخی دارایی و گرژییەکان بەو جۆرەی ئێستا بەردەوامبن، ئەوا ساڵی 2021 ساڵێکی قورس دەبێت و ئەگەری ئەوە هەیە خۆپێشاندانەکان و لێکەوتەکانی ببنە هۆی "بەریەککەوتنی ناوخۆیی و دوو ئیدارەیی".

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی پەرلەمانتارانی مانگرتوو کە لە 15 پەرلەمانتاری فراکسیۆنەکانی گۆڕان، یەکگرتوو، کۆمەڵ و سەربەخۆکان پێکهاتوون، ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان گوتی، تاوەکو ئێستا نزیکەی 14 کەس لە خۆپێشاندەر و هاونیشتمانی و هێزە ئەمنییەکان کوژراون، ئاماژەی بەوەش کرد نزیکەی 400 کەسیش لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان دەستگیرکراون، لەوانە مامۆستایەکی ئایینی لە پیرەمەگروون و سێ کەسیش لە شێلادزێ.

پەرلەمانتارە مانگرتووەکان لە رۆژی چوارشەممە لەنێو بینای پەرلەمان دەستیان بە مانگرتن کردووە و داوادەکەن پەرلەمان دانیشتنێکی تایبەت بە دۆخی خۆپێشاندانەکان ئەنجامبدات، بەڵام بە گوتەی عەلی حەمە ساڵح، تاوەکو ئێستا توانیویانە تەنیا 29 واژۆ کۆبکەنەوە.

بەپێی پەیڕەی ناوخۆی پەرلەمان، بە لایەنی کەمەوە دەبێت 37 پەرلەمانتار واژۆ بکەن تاوەکو بتوانن داوای دانیشتنی پەرلەمان بکەن. د. رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان پێشتر رایگەیاندبوو، ئەوان باوەڕیان وایە کە دانیشتنی پەرلەمان چارەسەری ئەو دۆخە ناکات، بۆیە لە ئێستادا لەوبارەیەوە هیچ دانیشتنێک ناکرێت.

پەرلەمانتارە مانگرتووەکان لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەی ئەمڕۆ داوایانکرد حکومەتی هەرێمی کوردستان هەرچی زووە و "بە ئاشکرا" لەگەڵ بەغدا رێککەوتنی دارایی لەبارەی هەناردەی نەوتەوە بکات، رێککەوتنەکانی نەوت ئاشکرابکەن بۆ خەڵک و پەرلەمانتاران و هەروەها قاچاخ و گەندەڵی لە دەروازە سنوورییەکان بنبڕبکرێن.

شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدان و بڕیارە ئەمڕۆش بەردەوامبن و لەگەڵ هەندێک سەرکردەی عێراقی کۆببنەوە، لەوانە نووری مالیکی، سەرۆکی دەوڵەتی یاسا و عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمە. شاندەکە رایگەیاندووە بەشێوەیەکی سەرەکی کاردەکەن بۆ جێگیرکردنی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان لە یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2021. سەمیر هەورامی، گوتەبێژی قوباد تاڵەبانی، رایگەیاندووە کە شاندەکە هیچ "هێڵێکی سووری" لەسەر نەوت و داهاتەکان دانەناوە و ئامادەی رێککەوتنن لەگەڵ حکومەتی عێراق.

عەلی حەمە ساڵح هەروەها رایگەیاند، ئەوان لەنێو بینای پەرلەمان لەگەڵ هاوڕێکانیان پرس و راوێژ دەکەن بۆ دیاریکردنی کاری داهاتوویان، هاوکات گوتیشی، ئەوان "پاڵپشتی" لە خۆپێشاندانی ئاشتییانە دەکەن و "خەڵکی خۆمان جێناهێڵین".

لەسەر داوای کۆنگرەی دەنگە ناڕازییەکان کە رۆژی پێنجشەممە لەلایەن ژمارەیەک پەرلەمانتاری پێشووی هەرێمی کوردستان و چالاکڤان، لەوانە عەبدوڵڵای مەلا نووری، دروستکراوە؛ بڕیارە ئەمڕۆ لە شار و ناوچە جیاوازەکان خۆپێشاندان بکرێت، لەوانە لەبەردەم بینای ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی.

لیژنەی باڵای ئارامیی پارێزگای سلێمانی کە سەر بە وەزارەتی ناوخۆیە، شەوی پێنجشەممە بۆ جاری دووەم قەدەخەی هاتووچۆی لەنێوان سلێمانی و شار و شارۆچکەکانی ئەو پارێزگایە راگەیاند. پێشتر ئەو لیژنە هۆشداریی دابوو کە "خۆپێشاندانی بێ مۆڵەت" یاساخ دەکات و هێزە ئەمنییەکانی راسپرادووە "دەستکراوە بن" تاوەکو لە چوارچێوەی "یاسا" رێگری لە خۆپێشاندانی لەو شێوەیە بکەن.

خۆپێشاندانەکان تاوەکو شەوی پێنجشەممە لە هەرێمی کوردستان بەردەوام بوون، لە چەمچەماڵ دەنگی تەقەیەکی زۆر بیستراوە، لە کفریش کەسێک لەنزیک بارەگای پارتی کوژرا و کەسێکی دیکەش بریندار بوو.

لە راگەیێندراوێکی باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق، ئەو وڵاتە رایگەیاندووە، "نیگەرانن" لە کوشتن و برینداربوونی ژمارەیەک کەس لە خۆپێشاندانەکان و داوای لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە رێز لە مافی خۆپێشاندان بگرێت، هەروەها داوای کردووە خۆپێشاندانەکان "ئاشتییانە" بن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئاڵای یەکێتی و بارەگای مەکتەبی سیاسیی ئەو حیزبە لە هەولێر

مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە هەولێر وەڵامی میران بەکر دەداتەوە

مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە هەولێر و میران بەکر، رۆژنامەڤان و سکرتێری پێشووی وەزیری پێشمەرگە، دوو گێڕانەوەی جیاواز بۆ رووداوەکەی شەوی رابردوو بڵاودەکەنەوە.