تاقیکردنەوەکانی وەرزی یەکەم دەستپێدەکەن و بایکۆت لە نیوەی هەرێمی کوردستان بەردەوامە

11-12-2023
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

تاقیکردنەوەکانی وەرزی یەکەمی خوێندن دەستپێدەکەن و بایکۆتی مامۆستایان لە پەروەردەی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی راپەڕین و گەرمیان و پەروەردەی کۆیە بەردەوامە؛ جێگری سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان دەڵێت، نەکردنەوەی قوتابخانەکان کێشە بۆ خوێندنی ئەم ساڵ دروست دەکات.
 
ئەمڕۆ دووشەممە، 11-12-2023، کارۆخ عەبدوڵڵا، یەکێک لە نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بایکۆتی وانەبێژان و مامۆستایانی وانەبێژ و دامەزراو لە 13 پەروەردەی هەرێمی کوردستان بەردەوامە.
 
ئەو نوێنەرەی وانەبێژان ئاماژەی بەوەکرد، نزیکەی دوو هەفتە خۆپیشاندان رادەگرن، بەڵام ئامادە نین بچنەوە قوتابخانە تاوەکو داواکانیان جێبەجێ دەکرێت.
 
تاقیکردنەوەی وەرزی یەکەم دەستپێدەکات
 
25ـی ئەم مانگە کۆتایی بە خوێندنی وەرزی یەکەمی ئەم ساڵ دێت و بڕیارە سەرەتای ساڵی نوێ تاقیکردنەوەی وەرزی یەکەمی خوێندن لە هەرێمی کوردستان لەو شارانە دەستپێبکات کە تێیاندا مامۆستایان بایکۆتیان نەکردووە.
 
ئەمڕۆ دووشەممە، 11-12-2023، بەرپرسێکی باڵای پەروەردە لە سنووری پارێزگای دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "3ـی مانگی داهاتوو یەکەم تاقیکردنەوەی وەرزی یەکەم دەستپێدەکات و هەموو ئامادەکارییەک کراوە و لەکاتی خۆیدا تاقیکردنەوە بەڕێوەدەچێت".
 
عەبدولواحید محەممەد، جێگری سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "تاقیکردنەوەکانی وەرزی یەکەم واتە نیوەی خوێندنی ساڵەکە، ئەوە لەکاتێکدایە هێشتا بایکۆت بەردەوامە؛ بەمشێوەیە بێت لە خوێندنی ئەمساڵدا ناتەواویی دروست دەبێت".
 
عەبدولواحید محەممەد گوتی، گرنگە هاونیشتمانیان، حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی پەروەردە هەموو هەوڵێک بدەن بۆ گەڕانەوەی مامۆستایان بۆ قوتابخانەکان؛ گوتیشی، "گرنگە حکومەت بەگوێرەی توانا داواکاری مامۆستایان جێبەجێ بکات یان لانیکەم گفتوگۆیەکی نەرم لەگەڵ مامۆستایان و بەڕێوەبەری پەروەردەکان بکات؛ بەمشێوەیە بێدەنگی چارەسەری دۆخەکە ناکات".
 
لەبارەی چارەنووسی خوێندنی ئەم ساڵی ئەو سنوورەی بایکۆتی تێدایە، جێگری سەرۆکی یەکێتی مامۆستایان گوتی، "هیچ دەقێکی یاساییمان نییە بڵێت هێندە کات دەوام نەکرێت، خوێندنی ساڵەکە دەفەوتێت، بەڵام دواخستنی تاقیکردنەوەکانی وەرزی یەکەم کێشەی زۆر دروست دەکات".
 
عەبدولواحید محەممەد دەڵێت، ئەگەر بایکۆتیش بەردەوام بێت، دوای بایکۆت دەتوانرێت خوێندنی ئەم ساڵ تەواو بکرێت؛ گوتیشی، "بۆ هەموو بڕیارێک تۆپەکە دەکەوێتە گۆڕەپانی وەزارەتی پەروەردە؛ دەتوانن دوای وەرزی یەکەمیش بڕیار بدەن خوێندن دەستپێبکاتەوە و ساڵەکە تەواو بکرێت، چونکە یەکەم جار نییە دواکەوتنی خوێندن لەماوەی دیاریکراویدا و هیچ ساڵێکیش دوانەخراوە".
 
لە 13ـی ئەیلوولەوە دەوامی قوتابخانەکان لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکردەوە، بەڵام مامۆستایان لە پەروەدەکانی سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و راپەڕین و پەروەردەی کۆیە بایکۆتی دەوامیان کردووە و دەرگەی قوتابخانەکان داخراوە، بەڵام لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک و هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و زاخۆ دەرگەی قوتابخانەکان کراوەیە.
 
داواکاریی مامۆستایانی دامەزراو و وانەبێژان بۆ دەستپێکردنەوەی خوێندن چەند خاڵێکە؛ خاڵە سەرەکییەکان پلە بەرزکردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەران، دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ، پێدانی مووچەی 30 رۆژ جارێک و دیاریکردنی چارەنووسی مووچە پاشەکەوتکراوەکانە.
 
لە هەرێمی کوردستاندا نزیکەی ملیۆنێک و 800 هەزار قوتابی هەن؛ بەهۆی بایکۆتی مامۆستایانەوە لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، هەروەها ئیدارەکانی گەرمیان، راپەڕین و پەروەردەی کۆیە، نزیکەی 700 هەزار قوتابی کە دەکاتە نزیکەی ٪40ـی کۆی قوتابییان دەوامیان نەکردووە.
 
 

 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.