مەسرور بارزانی لەسەر کورسیی پێکهاتەکان نامەیەک بۆ فایەق زێدان و پلاسخارت دەنێرێت

11-12-2023
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق لەبارەی کورسیی پێکهاتەکانەوە پێشنیازی خۆی داوەتە دادگەی فیدراڵی و دابەشی کردووە بەسەر سێ پارێزگادا. سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە نامەیەکدا بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکانی عێراق داوا دەکات، "دەستکاری کورسیی پێکهاتەکان نەکرێت".
 
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە، 11-12-2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان نامەیەکی بۆ هەر یەک لە فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق؛ جێنین پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق و عومەر ئەحمەد محەممەد سەرۆکی ئەنجوومەنی  کۆمیسیارانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە عێراق ناردووە و لەنێوەڕۆکیدا رایگەیاندووە، "نیگەرانیی و ناڕەزایی لە بەرامبەر هەوڵەکانی گۆڕین و دەستکاریکردنی کورسی و مافی پێکهاتەکانی کوردستان دەربڕی".
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پشتیوانیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ مافی پێکهاتەکان دووپاتکردووەتەوە و داوایکردووە، "رێگری لەم هەوڵانە بکرێت و مافەکانی پێکهاتەکان دەستکاری نەکرێت و پارێزراو بێت".
 
پەیامەکەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کاتێكدایە، بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، پێنجشەممەی رابردوو کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق پێشنیازی خۆی بۆ دابەشکردنی کورسی کۆتاکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان داوەتە دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق و 11 کورسییەکەی کۆتای پێکهاتەکانی پەرلەمانی کوردستانی دابەش کردووە، بەجۆرێک چواری بۆ سلێمانی، چواری بۆ هەولێر و سێیەکەی دیکەی بۆ پارێزگای دهۆک بێت.
 
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی دوێنێ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەوەی کۆمیسیۆن پێشکێشکی کردووە پێشنیازە و دادگەی باڵای فیدراڵی بڕیار لەبارەی ئەو سکاڵایەوە دەدات کە لە بەردەستیدایە لە دژی ئەو مادانەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە تایبەتن بە دابەشکاری کورسی کۆتاکان".
 
بەگوێرەی خشتەی کۆبوونەوەکانی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق، 27-12-2023 دادگەکە دانیشتنێکی دیکە بۆ تاوتوێکردنی ئەو سکاڵایە دەکات کە دژی چەند مادەیەکی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراوە.
 
سکاڵاکە لەلایەن زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان و ئامانج شەمعوون، ئەندامی کریستیانەکان لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی تۆمار کراون؛ دادگەکە هەردوو سکاڵای یەکخستووە و کردوویەتی بە یەک سکاڵا.
 
سکاڵاکارەکان تانەیان لە پێنج مادەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان داوە، کە تایبەتن بە ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمان، بازنەی هەڵبژاردن و کورسی کۆتاکان لە پەرلەمانی کوردستان.
 
بڕیارە لە 25ـی شوباتی 2024 هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکرێت و لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە سەرپەرشتی بکرێت.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.