رووداو دیجیتاڵ
قایمقامی قەزای پشدەر رایگەیاند، بەهۆی بەفربارین و داڕمانی شاخێک لە دیوی ئێران، هاتووچۆ لە دەروازەی کێلێ وەستابوو، بەڵام ئەمڕۆ هاتووچۆی بازرگانی و گەشتیاری ئاسایی بووەتەوە.
رۆژی پێنجشەممە، 11ی کانوونی یەکەمی 2025، ئەبوبەکر بایز، قایمقامی قەزای پشدەر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ''دوێنێ شاخێک لە دیوی ئێرانەوە داڕما بوو؛ رێگەی هاتووچۆی گەشتیاران و بازرگانیشی گرتبوو؛ لەلایەکی دیکەشەوە بەفرێکی زۆر باریبوو، ئەمەش ئاستەنگی دروستکردبوو؛ بۆیە رێگەکە داخرابوو.''
بە گوتەی ئەبوبەکر بایز، دوێنێ لە دیوی ئێران بەردەوام کاری تێدا کراوە تاوەکو رێگەکە پاککرایەوە. هەروەها گوتی، ''ئەمڕۆ هاتووچۆی بازرگانی و گەشتیاری لە دەروازەکە ئاساییە.''
قایمقامی قەزای پشدەر باسی لەوەشکرد، لە دەروازەی کێلێ نزیکەی 20 بۆ 30 سانتیمەتر بەفر باریوە.
دوێنێ بەیانی بەهۆی بارینی بەفرێکی زۆر و پاکنەکردنەوەی رێگەکان لە دیوی رۆژهەڵاتی کوردستان، جووڵەی بازرگانی و گەشتیاری لە دەروازەی کێلێ لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین راگیرا.
دەروازەی کێلێ دەکەوێتە سنووری قەزای پشدەر لە پارێزگای سلێمانی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ