رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری پەروەردەی چەمچەماڵ رایگەیاند، بەهۆی لافاوەوە نۆ قوتابخانەیان زیانی بەرکەوتووە و پێویستیان بە نۆژەنکردنەوەیە. وەزیری پەروەردەش رایگەیاند، نۆژەنیان دەکەنەوە.
عەبدوڵڵا حەمەکاکەڕەش، بەڕێوەبەری پەروەردەی چەمچەماڵ، ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەهۆی باران و لافاوەوە 9 قوتابخانەمان زیانیان بەرکەوتووە و پێویستییان بە نۆژەنکردنەوە هەیە".
لە سنووری پەوەردەکەی قەزای چەمچەماڵ 203 قوتابخانە هەن.
عەبدوڵڵا حەمەکاکەڕەش گوتی: "زیانەکان زۆر نین و زیاتر دیواری قوتابخانەکان زیانیان بەرکەوتووە و نۆژەنکردنەوەیان دەوێت".
ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە سنووری قەزای چەمچەماڵەوە رایگەیاند، لەسەر بڕیاری مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان هەموو قوتابخانەکان نۆژەن دەکرێنەوە.
بە گوتەی وەزیری پەروەردە، نۆژەنکردنەوەکان لە هەفتەی داهاتووەوە دەستێدەکات؛ "ئەوەی پێویست بێت بۆ قوتابخانەکانی دابین دەکەین".
07ـی 12ـی 2025 شەپۆلێکی بارانبارین باشووری کوردستانی گرتەوە و بۆ ماوەی سێ رۆژ بەردەوام بوو، بەهۆیەوە لە بەشێکی باشووری کوردستان و لەنێویاندا قەزای چەمچەماڵ و دەوروبەری لافاو دروستبوو و زیانی گیانی و مادی لێکەوتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ