پارێزگاری سلێمانی: تائێستا بەغدا هیچ هاوکارییەکی بۆ زیانلێکەوتووانی لافاوەکە نەناردووە

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
پەیمان محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیجتاڵ

پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند، وڵاتانی تورکیا، قەتەر، رووسیا و پارێزگارانی سنە، هەولێر و کەرکووک ئامادەیی خۆیان بۆ هاوکاریکردنی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و گەرمیان دەربڕیوە؛ بەڵام  بەغدا تاوەکو ئێستا هیچ هاوکارییەکی بۆ زیانلێکەوتووان نەناردووە.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە 11-12-2025، هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی لەکاتی سەردانیکردنی قایمقامیەتی قەزای چەمچەماڵ، سەبارەت بە زیانەکانی لافاوەکە قسەی بۆ پێشەوا بەختیار، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو کرد و رایگەیاند، ''لە سەرەتاوە هەموو توانای خۆمان خستووەتە خزمەتی ئەو شوێنانەی کە زیانیان بەرکەوتووە.''
 
بەگوتەی هەڤاڵ ئەبوبەکر، دەیان رێکخراو بۆ گەیاندنی هاوکاری بە زیانلێکەوتووانی لافاوەکە پەیوەندییان پێوە گرتوون و ''بەخۆشییەوە سەرجەمیان لێرەن و هاوکارییەکانیان ئاراستەی قایمقامیەتی قەزای چەمچەماڵ کراوە''.
 
پارێزگاری سلێمانی جەختی لە گرنگیی هەبوونی پلانێک کردەوە، بۆ ئەوەی هاوکارییەکان بگاتە سەرجەم زیانلێکەوتووان و بە شێوەیەکی دادپەروەرانە دابەش بکرێن.
 
وەک هەڤاڵ ئەبوبەکر دەڵێت، وڵاتانی تورکیا، قەتەر، رووسیا و هەروەها پارێزگاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان، پارێزگارانی کەرکووک و هەولێر ئامادەیی خۆیان بۆ گەیاندنی هاوکاری بە زیانلێکەوتووانی لافاوەکە راگەیاندووە.
 
پارێزگاری سلێمانی گوتی، ''رێکخراوەکانی خۆمان کە لەسەر ئاستێکی نێودەوڵەتی و ناوچەیی کار دەکەن، چ لە دهۆک، هەولێر یان سلێمانی، بە پشتیوانییەکی زۆر گەورەوە هاتوونەتە پێشەوە.''
 
ئەو هاوکارییانەی کە لەلایەن وڵاتان و رێکخراوەکانی مەدەنی و خێرخوازییەوە دەگاتە سنووری سلێمانی، لە رێگەی فریاکەوتنی خێرای پارێزگاکە (جەی سی سی) و ئەو لیژنەیە دابەش دەکرێ کە لەلایەن قایمقامیەتی چەمچەماڵەوە پێکهێنراوە، بۆ ئەوەی ''راستەوخۆ و دادپەروەرانە'' بگاتە دەست زیانلێکەوتووان.
 
هەرچی بەغدایە، وەک هەڤاڵ ئەبوبەکر ئاماژەی دا، هاوکاریی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی نەکردووە و ''تاوەکو ئێستا بە فەرمی هیچ شتێکمان لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە پێنەگەیشتووە. ئومێد دەکەین حکومەتی فیدراڵی کە ئەرکیەتی، زۆر پێداگرانە، جدی و خێرا بێتە سەرهێڵ.''
 
 
بەگوتەی پارێزگاری سلێمانی، جیا لە سەردانی مەیدانیی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران بۆ چەمچەماڵ، هەر لە رۆژی یەکەمەوە مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزیری ناوخۆ چەندین جار سەبارەت بە دۆخی زیانلێکەوتووان و کاریگەرییەکانی لافاوەکە، پەیوەندییان بە حکومەتی خۆجێیی سلێمانییەوە کردووە.
 
لە رۆژی یەکشەممەوە بارانی بەخوڕ لە باشووری کوردستان دەستیپێکرد و بەهۆیەوە سێشەممە 9ـی کانوونی یەکەم لە چەند شارێک لافاو دروستبوو. لافاوەکە زیانێکی زۆری لێکەوتووەتەوە و تاوەکو ئێستا پێنج کەس گیانیان لەدەستداوە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ

لافاو لە قەرەهەنجیر زیانی بە 10 گوند گەیاندووە؛ پردێک مەترسیی رووخانی لەسەرە

بەهۆی شەپۆلی بەهێزی بارانبارین و دروستبوونی لافاوەوە، لە سنووری ناحیەی قەرەهەنجیری کەرکووک زیان بە زیاتر لە 10 گوند گەیشتووە و پردێکیش مەترسیی رووخانی لەسەرە. بەڕێوەبەری ناحیەکەش دەڵێت، تیمەکانیان دەستیانکردووە بە تۆمارکردنی زیانەکان.