رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری کرماشان رایگەیاند، کرماشان بووەتە دەروازەیەکی گرنگی بازرگانی و زیارەت لە نێوان ئێران و عێراقدا و ئێستا 40٪ی هەناردەی ئێران بۆ عێراق لە رێگەی دەروازە سنوورییەکانی پارێزگاکەوە دەکرێت.
پەیوەندییە گشتییەکانی پارێزگاریی کرماشان بڵاویکردەوە، مەنووچێهر حەبیبی، پارێزگاری کرماشان رۆژی چوارشەممە لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ ژمارەیەک خوێندکار و مامۆستای ئایینی باسی لە گرنگی پێگەی پارێزگاکە لە بازرگانی و گەشتیاریی ئایینی لە نێوان ئێران و عێراقدا کرد و رایگەیاند، ئەم ساڵ بۆ رێوڕەسمەکانی چڵەی ئیمام حوسێن، زیاتر لە یەک ملیۆن و 100 هەزار هاتووچۆی زیارەتکاران لە دەروازەی سنووریی خوسرەوی تۆمار کرا، کە بەراورد بە پار 13٪ زیادیکردووە.
بە گوتەی پارێزگاری کرماشان، 60٪ی زیارەتکارانی شیعە بۆ سەردانکردنی شوێنە پیرۆزەکانی شیعە لە عێراق بە پارێزگاکەدا تێدەپەرن و بۆ ئەمەش ژێرخانی رێگەوبان و کەرتی گواستنەوەی پارێزگاکە پەرەی پێدراوە.
مەنووچێهر حەبیبی هەروەها رایگەیاند، "پێنج دەروازەی سنووریمان هەن و ئێستا 40٪ی هەناردەی ئێران بۆ عێراق لە رێگەی ئەم دەروازە سنوورییانەوە دەکرێت، بەڵام توانای ئەوە هەیە رێژەکە بۆ 60٪ بەرزبکرێتەوە."
لە پارێزگای کرماشان پێنج دەروازەی سنووری هەن کە سێیانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستانن، دوو دەروازەی دیکەش لەگەڵ ناوچەکانی لە ژێر کۆنترۆڵی حکومەتی عێراقن.
دەروازە سنوورییەکانی پەروێزخان، شووشمێ و شێخ سڵە دەکەونە سنووری هەرێمی کوردستان و دەروازە سنوورییەکانی خوسرەوی و سومار دەکەونە سەر سنووری نێوان کرماشان و هەردوو قەزای خانەقین و مەندەلی لە پارێزگای دیالە و لە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی عێراقدان.
پارێزگاری کرماشان باس لە رێکخستنی کاری کۆڵبەری و نەهێشتنی ئەو دیاردەیە لەو پارێزگایە دەکات و دەڵێت، "تاوەکو ئێستا 74 هەزار کارتی بازرگانیی سنووریی دراوەتە خەڵکی ناوچە سنوورییەکانی پارێزگاکە و پلانەکە فراوانتریش دەکەین."
مەنووچێهر حەبیبی ئاماژە بەوەش دەکات، کە پارێزگای کرماشان ناوەندێکی گرینگی بەرهەمهێنانی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانە لە ئێران و لەوڕووەوە ئەم ساڵ لەسەر ئاستی ئێران پلەی پێنجەمی بەدەستهێناوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ