وەزیری پەروەردە: هەفتەی داهاتوو دەست بە نۆژەنکردنەوەی قوتابخانە زیانلێکەوتووەکان دەکرێ

11-12-2025
پەیمان محەممەد
دیمەنی دوو قوتابخانە کە بەهۆی لافاوەوە زیانیان بەرکەوتووە.
دیمەنی دوو قوتابخانە کە بەهۆی لافاوەوە زیانیان بەرکەوتووە.
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

وەزیری پەروەردە دەڵێ، سەرجەم ئەو قوتابخانانەی کە لە لافاوەکەی سنووری پارێزگای سلێمانی زیانیان بەرکەوتووە نۆژەن دەکرێنەوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، تاقیکردنەوەکانی خولی یەکەم لە قەزای چەمچەماڵ دوادەخرێن.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 11-12-2025، ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان لەکاتی سەردانیکردنی بۆ قوتابخانەیەکی ناحیەی تەکیەی سەر بە قەزای چەمچەماڵ کە بەهۆی لافاوەکەوە زیانی بەرکەوتووە، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، ''ئەمڕۆ لە پەروەردەی چەمچەماڵ کۆبوونەوەیەک دەکەین، کارەکان دواناخرێن و دەستبەجێ بڕیاری پێویست [بۆ ئاساییکردنەوەی خوێندن] دەدەین.''
 
بەگوتەی ئالان حەمەسەعید، تیمێکی تەکنیکیی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی سلێمانی سەردانی قەزای چەمچەماڵ دەکات بۆ خەمڵاندنی زیانی قوتابخانەکان و ''هەر ئەمڕۆش بڕیاری پێویست دەدرێت بۆ ئەوەی کە چۆن بتوانین ئەو قوتابخانانە نۆژەن بکەینەوە و بەشێک لە پێداویستییەکانیشیان دابین بکەین.''
 
وەزیری پەروەردە ئاماژەی بەوە کرد، لەسەر راسپاردەی سەرۆکوەزیران لە هەفتەی داهاتووەوە دەست بە نۆژەنکردنەوەی قوتابخانە زیانلێکەوتووەکان دەکرێ، ''واتا ئێمە پارە دەخەینە بەر دەست بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی سلێمانی، بۆ ئەوەی بە زووترین کات و بەگوێرەی دەرخستە تەکنیکییەکان، کاروبارەکانی نۆژەنکردنەوە راپەڕێنن.''
 
جیا لەوەی کەلوپەلی نێو قوتابخانەکان زیانیان بەرکەوتووە، لافاو، قوڕ و لیتە زیانی بەر کتێبی ژمارەیەکی زۆر لە قوتابیانیش گەیاندووە و ئێستا کتێبی پێویستیان بۆ خوێندن لەبەر دەست نییە. ئالان حەمەسەعید دەڵێت، بە شێوەیەکی خێرا و بەگوێرەی توانا، کتێبی نوێ بۆ قوتابییان دابین دەکرێ.
 
بڕیارە 15ـی کانوونی یەکەم تاقیکردنەوەکانی وەرزی یەکەم دەستپێبکەن. وەک وەزیری پەروەردە گوتی، بەهۆی زیانەکانی لافاوەکەوە، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی سلێمانی راسپێردراوە کە تاقیکردنەوەکانی خولی یەکەم لە سنووری قەزای چەمچەماڵ دوابخرێن، ''چونکە ئاو چووەتە نێو ماڵی خەڵکیش و ژمارەیەک لە قوتابییان کتێبەکانیان نەماون.''
 
بەگوتەی ئالان حەمەسەعید، تاقیکردنەوەکانی خولی یەکەم لە سنووری قەزای چەمچەماڵ دەخرێنە سەرەتای مانگی یەکی 2026 و ''بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی سلێمانی دەسەڵاتی پێدراوە بۆ دیاریکردنی کاتەکە''.
 
وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان جەختی لەوەش کردەوە، ''بە زووترین کات قوتابخانەکانی سنووری قەزای چەمچەماڵ بە نۆژەنکردنەوە و دابینکردنی پێداویستییەکانی خوێندنیشەوە دەخەینەوە بواری خزمەتکردن''.
 
لە رۆژی یەکشەممەوە بارانی بەخوڕ لە باشووری کوردستان دەستیپێکرد و بەهۆیەوە لە چەند شارێک لافاو دروستبوو. لافاوەکە زیانێکی زۆری لێکەوتووەتەوە و تاوەکو ئێستا پێنج کەس گیانیان لەدەستداوە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی کەنەکە

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان: دەبێت زمانی کوردی لە دەستووری سووریادا جێگیر بکرێت

لیژنەی زمان، کولتوور و پەروەردەی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (KNK) بە بۆنەی رۆژی جیهانیی زمانی دایک کە هاوکاتە لەگەڵ 21ـی شوبات، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێ، پاراستنی زمانی کوردی بە هەموو زاراوەکانییەوە تەنیا پرسێکی ئەکادیمی نییە، بەڵکو پرسێکی نیشتمانی و مان و نەمانە