رووداو دیجیتاڵ
وەزیری پەروەدە دەڵێت، بە پاڵپشتیی دارایی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، قوتابخانەکانی قەزای چەمچەماڵی سنووری سلێمانی نۆژەندەکرێنەوە و تاقیکردنەوەکانی کۆتایی وەرز بۆ مانگی یەک (کانوونی دووەم) دوادەخرێن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 11ـی کانوونی یەکەمی 2025، ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان، سەردانی قەزای چەمچەماڵ و ناحیەی تەکیەی کرد بە مەبەستی بەسەرکردنەوەی ئەو ناوەندانەی خوێندن کە بەهۆی لافاوەکەی ئەم دواییەوە زیانیان بەرکەوتووە.
رۆژی سێشەممە، 9ـی مانگ بەهۆی بارانی بەخوڕ لە چەمچەماڵ و بەشێکی دیکەی سنووری سلێمانی لافاو دروستبوو و بەهۆیەوە چوار کەس گیانیان کە دووانیان لە چەمچەماڵ بوون، یەکێکیان لە کەرکووک و ئەوی دیکەشیان لە کەرکووک. جگە لە زیانی گیانی، لافاوەکە زیانی مادیی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، لە ماڵەکانەوە بگرە، تاوەکو قوتابخانە و شوێنە گشتییەکانی دیکە بەر لافاو کەوتن و زیانێکی زۆریان بەرکەوت.
لە دوای بەسەرکردنەوەی قوتابخانە زیانلێکەوتووەکان، وەزیری پەروەردە لە دیوانی پەروەردەی چەمچەماڵ کۆبوونەوەیەکی ئەنجامدا و کۆمەڵێک بڕیاری بۆ چارەسەرکردنی دۆخەکە و دەستپێکردنەوەی پرۆسەی خوێندن دەرکرد.
وەزیری پەروەردە رایگەیاند کە بە پاڵپشتی دارایی راستەوخۆی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، بڕیاردراوە لە رۆژی یەکشەممەوە بڕی پارەی پێویست بۆ بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی سلێمانی بنێردرێت تاوەکو دەستبەجێ پرۆسەی نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکان دەستپێبکات.
هاوکات، بڕیاردراوە لیستی ئەو کەلوپەلانەی کە بەهۆی لافاوەوە لەنێوچوون ئامادە بکرێت و لە رۆژی یەکشەممەوە پارەی پێویست بۆ کڕینەوەیان خەرج بکرێت. رێکخراوی (کوردستان فاوندەیشن) ئەرکی نۆژەنکردنەوە و دابینکردنی پێداویستی بۆ دوو قوتابخانە لە ئەستۆ گرتووە.
سەبارەت بەو قوتابیانەی کتێبەکانیان لە قوتابخانە یان لە ماڵەوە فەوتاوە، وەزیری پەروەردە بڕیاریدا لە هەفتەی داهاتوودا کتێبی نوێ بگەیەنرێتە چەمچەماڵ و بەسەر قوتابیاندا دابەش بکرێت، هەروەها وایت بۆرد و پێداویستی دیکەی خوێندن رەوانە دەکرێن.
وەزیری پەروەردە بە فەرمی رایگەیاند کە تاقیکردنەوەکانی کۆتایی وەرز بۆ مانگی یەک (کانوونی دووەم) دواخراوە و میکانیزمی پێویست لەلایەن ئەزموونەکانەوە دادەنرێت.
سەبارەت بە دەوامی قوتابخانەکان، بڕیاردراوە رۆژی شەممە بەڕێوەبەری پەروەردەی چەمچەماڵ لەگەڵ بەڕێوەبەری قوتابخانەکان کۆببێتەوە؛ ئەو قوتابخانانەی نۆژەن دەکرێنەوە دەوامیان ڕادەگیرێت، بەڵام ئەو قوتابخانانەی مەترسییان لەسەر نییە و هاتووچۆی قوتابیان تێیدا ئاساییە، دەتوانن بە ڕاوێژ بڕیاری دەستپێکردنەوەی دەوام بدەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ