رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، کێشەی لێڵبوونی ئاو چارەسەر بووە و سەرجەم پڕۆژەکان بەگەڕخراونەتەوە. دەشڵێت، ئەگەر پارە هەبێت، پڕۆژەی ئاوی چەمچەماڵ ساڵێکی دیکە تەواو دەبێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە 10-12-2025 ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان بە مژاری (رادیۆی رووداو)ی راگەیاند: "لە بەیانیی ئەمڕۆوە هیچ کێشە و گرفتێک نەماوە، سەرجەم پڕۆژەکانی ئاو کار دەکەن و ئاو بۆ حەوزەکان بەردراوەتەوە."
بەهۆی شەپۆلی بارانبارینەوە ئاستی لێڵبوونی ئاو بەرزبووەوە، ئەمەش وایکرد بەشێک لە پرۆژەکانی ئاو بۆ ماوەی 10 بۆ 48 کاژێر راگیران؛ بەڵام ئێستا دۆخەکە ئاسایی بووەتەوە.
سەبارەت بە جیاوازیی دۆخی پڕۆژەکان لە پارێزگاکان، ئاری ئەحمەد گوتی: "لە سلێمانی بەهۆی ئەوەی ئاوەکە راستەوخۆ لە بەنداوی دووکانەوە وەردەگیرێت، ئاستی لێڵبوون زۆر بەرز نەبووەوە و ئاوەکە روونترە، بەڵام لە هەولێر و دهۆک و گەرمیان رێژەی لێڵبوونەکە زیاتر بوو، چونکە سەرچاوەکەیان راستەوخۆ رووبارەکانە."
پڕۆژەی ئاوی چەمچەماڵ
بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ ئاماژەی بەوە کرد، کارکردن لە پڕۆژەی ئاوی چەمچەماڵ بەردەوامە و تاوەکو ئێستا زیاتر لە 20٪ـی کارەکانی تەواو بووە.
ئاری ئەحمەد گوتی: "لە پرۆژەکە بەشی وەرگرتنی ئاو (Intake) و دوو وێستگەی ناوەندی تەواو بوون و ئێستا کار لە هێڵی سەرەکیی پڕۆژەکە دەکرێت."
سەبارەت بە وادەی تەواوبوونی پڕۆژەکەش کە گرفتی ئاوی چەمچەماڵ چارەسەر دەکات، ئاری ئەحمەد گوتی: "ئەگەر کێشەی دابینکردنی نەختینە (پارە) دروست نەبێت، بەڵێندەر بەڵێنی داوە لە ماوەی 10 بۆ 12 مانگی دیکەدا پڕۆژەکە بەتەواوی تەواو بکات."
ئاوی دەربەندیخان و ئاکرێ
سەبارەت بە پڕۆژەی ئاوی دەربەندیخان کە پێشتر بەهۆی قەیرانی داراییەوە وەستابوو، ئاری ئەحمەد روونیکردەوە، دوای خەرجکردنی بەشێک لە شایستە داراییەکان کارکردن دەستی پێکردووەتەوە و گوتی: "کاری شارستانی (باڵەخانە و حەوزەکان) نزیکەی 90٪ـی تەواو بووە و ئێستا کار لەسەر بەشی میکانیکی و کارەبایی دەکرێت."
بۆ پڕۆژەی ئاوی ئاکرێش، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ رایگەیاند، تۆڕی ئاوی نێو شاری ئاکرێ و سێ کۆگە و کۆگەی سەرەکی تەواو بوون.
ئاری ئەحمەد گوتی: "ئێستا کار لەسەر هێڵی گواستنەوەی سەرەکی و بەشی میکانیکی پڕۆژەی ئاوی ئاکرێ دەکرێت. ئەگەر گرفت نەیەتە پێش، تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026 پڕۆژەکە تەواو دەبێت."
هاوکات ئاماژەی بەوەشکرد، پڕۆژەی فریاگوزاریی ئاوی هەولێر تەواو بووە و بە توانای 100٪ کار دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ