رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری شارەوانیی کەرکووک رایگەیاند، هۆکاری سەرەکیی لافاوەکەی گەڕەکی شۆراو دروستکردنی خانوو بووە لەسەر رێڕەوی سروشتیی ئاو. راشیگەیاند، بەبێ پەسندکردنی پڕۆژە 40 ملیار دینارییەکە، لەلایەن وەزارەتی پلاندانانەوە، کێشەکە چارەسەر ناکرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 11-12-2025، ئەحمەد عومەر، بەڕێوەبەری شارەوانیی کەرکووک لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی (رۆژی هیوا جەمال) لە تۆڕی میدیایی رووداو، لەبارەی لافاوەکەی شارەکە رایگەیاند، وەک هەموو ساڵێک پلانی تایبەتیان بۆ پاککردنەوەی ئاوەڕۆ و رێڕەوەکانی ئاو هەبووە، بەڵام بڕی بارانبارینەکە "زۆر و نائاسایی" بووە و لە سەرووی توانای تۆڕەکانی ئاوەڕۆی شارەکە بووە.
"خانوو لەسەر چەم دروستکراوە"
سەبارەت بە لافاوەکەی گەڕەکی شۆراو کە زیانێکی زۆری لێکەوتەوە، بەڕێوەبەری شارەوانیی کەرکووک گوتی: "ئەو گەڕەکە دوو چەمی تێدابووە، بەڵام هاونیشتمانییان خانوو و باڵەخانەیان لەسەر دروستکردووە. ئێمە پێشتر هەوڵمانداوە بە دانانی بۆریی مەتر و نیوی کێشەکە کەم بکەینەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی رێڕەوە سروشتییەکان گیراون، ئاوەڕۆکە بەرگەی ئەو لێزمە بارانەی نەگرتووە."
قسەکانی ئەحمەد عومەر هاوتایە لەگەڵ لێدوانی زاگرۆس گلی، بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی کەرکووک، کە پێشتر رایگەیاندبوو "هۆکاری لافاوەکە دەستکاریکردنی رێڕەوی سرووشتیی چەمەکەیە".
بەڕێوەبەری شارەوانیی کەرکووک ئاشکرای کرد، تاکە چارەسەری بنەڕەتی بۆ گەڕەکی شۆراو، دروستکردنی ئاوەڕۆی سندووقییە (Box Culvert).
ئەحمەد عومەر گوتی: "دەرخستەی تایبەتمان بۆ ئەو پڕۆژەیە ئامادەکردووە و ناردوومانە بۆ وەزارەتی پلاندانانی عێراق، کە تێچووەکەی نزیکەی 40 ملیار دینارە، بەڵام ماوەی دوو ساڵە چاوەڕێین و هێشتا پەسند نەکراوە."
بەڕێوەبەری شارەوانیی کەرکووک دانی بەوەدا نا کە توانای ماددی و ئامێرەکانیان سنووردارە و گوتی: "وەک شارەوانی تەنیا شەش شۆفڵ و 8 گەڵابەمان لەبەردەستدایە، کە ئەمەش بۆ شارێکی وەک کەرکووک زۆر کەمە، بەڵام لەڕێگەی لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی کارەساتەکانەوە، هاوئاهەنگیمان لەگەڵ کۆمپانیای نەوت و پۆلیس و لایەنەکانی دیکە کردووە بۆ ئەوەی بە ئامێرەکانیان هاوکارمان بن."
هەروەها گلەیی ئەوەشی کرد کە بەشێک لە هاونیشتمانییان پاشماوە و دەبە فڕێدەدەنە ناو ئاوەڕۆکانەوە، کە ئەوەش هۆکارێکی دیکەی گیرانی ئاوەڕۆکانە و وادەکات لەکاتی بارانبارینی بەهێزدا ئاو لە شەقامەکان کۆببێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ