کوردستان
ژمارەیەک پێشمەرگە لە مەراسیمی دەرچوون، لە بنکەی مەشقی کانی قرژاڵە - هەولێر، رۆژی 22-6-2023. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
رووداو دیجیتاڵ
ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت، بەگوێرەی رێککەوتنی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا- پێنتاگۆن، هاوکاری مادیی هاوپەیمانان بۆ هێزەکانی پێشمەرگە 25% کەمکراوەتەوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، ساڵی 2026 هاوکارییەکە نامێنێت و ئەگەر هێزەکانی پێشمەرگە یەکبخرێنەوە، دەکرێت رێککەوتنی پێدانی هاوکارییەکە نوێ بکرێتەوە.
بەگوێرەی رێککەوتنێکی نێوان وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا، مانگانە 20 ملیۆن دۆلار پارەی کاش وەکو هاوکاریی دەدرایە پێشمەرگە. رۆژی هەینی 12-01-2024، لیوا روکن بەختیار محەممەد، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە مانگی 10ـی ساڵی رابردووەوە هاوکارییەکەی هاوپەیمانان کراوە بە 15 ملیۆن دۆلاری مانگانە".
لیوا بەختیار گوتی، مانگی ئۆکتۆبەری 2022 لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رێککەوتنی نێوان پێنتاگۆن و وەزارەتی پێشمەرگە واژۆ کرا و بە گوێرەی ئەو رێککەوتنەش، مانگانە 20 ملیۆن دۆلاری کاش هاوکاری وەزارەتی پێشمەرگە دەکرا و ساڵانەش 25% کەم دەکرێتەوە. لەو چوارچێوەیەدا ئۆکتۆبەری پار 25%ـی کەم کرایەوە و لە ئۆکتۆبەری ساڵی 2026دا هاوکارییەکە بە تەواوی دەبڕدرێت.
ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژەی بەوە کرد، جگە لە پارەی کاش، هاوکاریکردنی هاوپەیمانان لە بوارەکانی پێدانی چەک و تەقەمەنی، راوێژکاری و مەشق بۆ هێزەکانی پێشمەرگە بەردەوامن.

لیوا بەختیار محەممەد گوتی، "دەکرێت رێککەوتنەکە جارێکی دیکە نوێ بکرێتەوە و هاوکارییەکان دوای ساڵی 2026 بەردەوام بن، بەڵام ئەوە پەیوەندی بە کوردەوە هەیە کە تاوەکو چەند پابەندی رێککەتنەکە دەبێت".
لەبارەی پابەندییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە لە رێککەوتنەکەدا لیوا بەختیار گوتی، "دەبێت کورد هاوئاهەنگی باشی لەگەڵ هێزە عێراقییەکان و هاوپەیمانان هەبێت؛ مەرجێکی گرنگ بۆ نوێکردنەوەی رێککەوتنەکە یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەیە. ئایا ئێمە تاوەکو ئەو کاتە دەتوانین هەموو هێزەکان یەکبخەینەوە و مەرجەکان جێبەجێ بکەین؟ لە هەموو کاتێکیشدا بۆ نوێکردنەوەی دەبێت رەزامەندی حکومەتی عێراق هەبێت".
لە کاتی شەڕ دژی داعش لە ساڵی 2014ـەوە هێزەکانی هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان ئامادەییان هەیە و بە چەندین شێوە هاوکاریی هێزەکانی پێشمەرگەیان کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ