نە تەلەفۆن کار دەکات نە ئینتەرنێت؛ پەنابەرانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە کەسوکاریان دابڕاون

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
پەیام سەربەست
پەیام سەربەست @paya_m_
چەند رۆژێکە ئێران هێڵی ئینتەرنێت و پەیوەندیکردنی بڕیوە.
چەند رۆژێکە ئێران هێڵی ئینتەرنێت و پەیوەندیکردنی بڕیوە.
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بە کۆڵێک هیوا و نیگەرانییەوە، کاری ئەم رۆژانەی بێهنام بووە بە پەیوەندیکردن بە بنەماڵەکەی لە شاری ئیلام؛ شارێک کە چەقی گرژییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و بڵێسەی خۆپێشاندانەکانی ئەم دواییەی لێ هەڵگیرساوە.
 
گلارای هاوژینی بێهنام خەڵکی هەمان شارە، ئەویش بەردەوام چاوی لەسەر زانیاریی نوێی خۆپێشاندانەکانی شارەکەیان و رۆژهەڵاتی کوردستانە.
 
هەموو هەوڵەکانیان بێسوودە، نە بێهنام زەنگی تەلەفۆنی بە بنەماڵەکەی دەگات و نە گلاراش هەواڵی نوێ لە کەسوکار و دۆخی شارەکەی دەزانێت، چونکە 5 رۆژ دەبێت حکومەت ئینتەرنێت و هەموو رێگەیەکی پەیوەندیکردنی لەسەر وڵات بڕیوە.
 
بێهنام جەمالی دەڵێت: "لەگەڵ خێزانەکەم، دایک و باوکم پەیوەندیم هەبوو، لە دۆخیانم دەپرسی بزانم چۆنن، هەروەها لەگەڵ دۆست و برادەریش قسەم دەکرد. رۆژی چوارشەممە بوو؛ کەلوپەلی خۆراکیش نەماوە لە ئێران، یانی بڕوا بکە رۆن و برنج و ئێستا هیچ شتێک نەماوە."
 
گلارا مستەفاوی، هاوژینی بێهنامە و باس لەوە دەکات: "ئێمە هیچ حەوانەوەیەک و هیچمان نییە، هەموو بیرمان بەس لەسەر ئەوەیە کە بزانین چی روویدا و چی بووە."
 
7 ساڵ دووری لە دایک و باوک و ئازیزانی، بەقەد ئەم 5 رۆژەی بێهەواڵبوون لە کەسوکارەکەی بەهۆی پچڕانی ئینتەرنێت بۆ یەزدان سەخت نەبووە. ئەم گەنجە خەڵکی خورماوەی لوڕستانە.
 
یەزدانی فەرەهمەند ئاماژە بەوە دەدات: "هیچ پەیوەندییەکمان لەگەڵ ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان نەماوە، نە لە رێگەی هێڵەکانەوە (خەت) نە لە رێگەی سیمکارتەوە. هەموو رێگەکانی پەیوەندیکردن بە خێزانەکەمان و کەسوکارمان لە رۆژهەڵاتی کوردستان داخستووە، ناهێڵن ئاگامان لەوە بێت کەسە نزیکەکانمان کوژراون یان بریندارن."
 
خۆپێشاندانەکان لە ئێران، رۆژی 28-12-2025 بەهۆی گرانی و خراپیی دۆخی بژێوی، بە مانگرتنی کاسبکاران لە تاران دەستی پێ کرد و دواتر تەواوی پارێزگاکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانی گرتەوە.
 
رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەڵێن تا ئێستا 544 خۆپێشاندەر کوژراون و نزیکەی 11 هەزار کەس دەستگیرکراون.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە