پەروەردەی پشدەر: هەر مامۆستایەک دەوام نەکات شوێنەکەی بە وانەبێژ پڕ دەکرێتەوە

12-02-2024
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی پشدەر لە راگەیێندراوێکدا داوا دەکات، مامۆستایانی دامەزراو و وانەبێژان سبەی سێشەممە بگەڕێنەوە قوتابخانەکان بۆ ئاساییکردنەوەی پڕۆسەی خوێندن. نوێنەری وانەبێژانی سنوورەکەش دەڵێت، مەگەر مامۆستا "حیزبییەکان" بگەڕێنەوە.
 
پەروەردەی پشدەر لە راگەیێندراوێکدا کە ئەمشەو دووشەممە بڵاویکردووەتەوە دەڵێت، لەهەر قوتابخانەیەک بۆشایی لە هەبوونی پسپۆڕی دروستبوو، بەڕێوەبەڕەکان پەیوەندی بە هۆبەی خۆیەتی و میلاکەوە بکەن بە وانەبێژی دیکە شوێنەکانیان پڕ دەکرێتەوە.
 
لەو راگەیێندراوەدا پەروەردەی پشدەر داوا لە دایکان و باوکان دەکات، سبەی منداڵەکانیان بنێرنەوە ناوەندەکانی فێرکردن.
 
پەروەردەی پێشەدەر سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی راپەڕینە. تەنیا لە سنووری ئەو پەروەردەیە 950 وانەبێژ هەن.
 
کارۆخ عەبدوڵڵا، نوێنەری وانەبێژان لە ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەمە ئەو گوشارەیە پێشتر لە پەروەردەکانی دیکە کراوە؛ پێدەچێت چەند مامۆستایەکی حیزبی بگەڕێنەوە و لە هەندێک شوێن دەوام دەستپێبکاتەوە".
 
داوای پەروەردەی پشدەر لەکاتێکدایە، سبەی دەبێتە پێنج مانگ کە ساڵی خوێندنی 2023 – 2024 دەستیپێکردووە، بەڵام لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی ناوچەکە بایکۆت لە بەشێکی قوتابخانەکان بەردەوامە و خوێندن وەکو پێویست نییە.
 
رۆژی یەکشەممە 11-02-2024، عەبدولواحید محەممەد، جێگری سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بە گوێرەی زانیاریی ئەوان و داتای پەروەردەکان، لە نزیکەی 80%ـی قوتابخانەکان خوێندن دەستپێکردووەتەوە.
 
رۆژی 08-01-2024 بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی سلێمانی ساڵنامەی نوێی خوێندنی راگەیاند و بە گوێرەی ساڵنامەکە، پێویست بوو 9ـی هەمان مانگ وەرزی یەکەمی خوێندن دەستپێبکات و تاوەکو 4ـی ئاداری ئەمساڵ بخایێنێت.
 
لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک، هەردوو ئیدارە سەربەخۆکانی سۆران و زاخۆ خوێندن ئاساییە و وەرزی یەکەمی خوێندن کۆتایی هاتووە و وەرزی دووەم دەستیپێکردووە.
 
لە هەرێمی کوردستاندا نزیکەی ملیۆنێک و 800 هەزار قوتابی هەن؛  نزیکەی 700 هەزار قوتابی لەو سنوورانە دەخوێنن بایکۆتی تێدایە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەو کچەی یانەی زاخۆی بە هەموو دنیا ناساند

یانەی زاخۆ وەک یەکەم یانەی ئاسیا خەڵاتی باشترین هاندەری فیفای بردەوە

فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهانی (فیفا) خەڵاتی باشترین هاندەری 2025ـی بە یانەی زاخۆ بەخشی، ئەمەش دوای ئەوەی هاندەرانی یانەکە دەیان هەزار بووکەڵە و یاریی منداڵانیان هەڵدایە نێو یاریگە و دواتر بە منداڵانی نەخۆش بەخشران.