رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، بە بەشداریی پسپۆڕان و ئەکادیمیستان، ستراتیژێک بۆ رۆڵی دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا لە بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکان و بڵاوکردنەوەی هۆشیاری لە ناو کۆمەڵگە و زیانەکانی دادەڕێژن.
راگەیێندراوەکەی ئەمڕۆی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێمی کوردستان بۆ راگەیاندنی ستراتیژەکەیان، دوای کۆبوونەوەیەک لە وەزارەتەکە دێت، کە د. ئامانج عەبدوڵڵا، سەرۆکی لیژنەی 'ئامادەکردنی پلان و نەخشەڕێگەیەک سەبارەت بە بڵاوکردنەوەی هۆشیاری لەنێو کۆمەڵگە و زیانەکانی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکان' سەرپەرشتی کردووە.
د. ئامانج عەبدوڵڵا، کە هاوکات راوێژکاری وەزیری خوێندنی باڵایە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کۆبوونەوەکە راوێژکاری بوو، رەشنووسێکمان ئامادەکردووە، کە لێپرسراوێتییەکانی وەزارەتەکەمانی بۆ رووبەڕووبوونەوەی مادە هۆشبەرەکانی تێدایە. دەتوانین بۆ پەرەپێدانی تواناکان و توێژینەوە و دروستکردنی خوێندنی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان رۆڵمان هەبێت".
لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا هیچ بڕیارێک نەدراوە و بڕیارە 27ـی ئەم مانگە دیدارێکی فراوان بەڕێوەبچێت. ئامانج عەبدوڵڵا دەڵێت، لەو دیدارەدا رەشنووسەکە پەسند دەکەن و دەبێتە ستراتیژی وەزارەتەکەیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان.
لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا نوێنەری سەرجەم زانکۆ حکومی و تایبەتەکانی هەرێمی کوردستان بەشدارییان کردووە.
وەزارەتی خوێندنی باڵا دەڵێت، "گفتوگۆی ورد و چڕ" کراوە و تێبینییەکان ئاڵوگۆڕکراون بۆ ئەوەی بەهاوبەشی لەگەڵ سەرجەم زانکۆکان بتوانن ستراتیژێک بۆ وەزارەت و دامەزراوەکان دابڕێژین بۆ بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکان.
خوێندنی باڵا ئاماژەی بەوەشکردووە، لە داڕشتنی ستراتیژەکەیاندا وەزارت و دامەزراوەکانی دیکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشداری دەکەن.
7ـی ئەم مانگە، ئیحسان عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، مانگی رابردوو 46 کەس بەهۆی مادەی هۆشبەرەوە حوکمدراون. گوتیشی، "ئامارەکە بۆ یەک مانگ زۆرە و کارەساتە، بەکارهێنەر و بازرگانی مادەی هۆشبەر زیادیان کردووە".
ساڵی رابردوو هەزار و 168 بازرگان و بەکارهێنەری مادەی هۆشبەر لەنێو چاکسازییەکاندا بوون. ئەمساڵ تاوەکو 1ـی ئەم مانگە ئەو ژمارەیە بۆ هەزار و 214 کەس زیادی کردووە.
لەو ژمارەیەی بەهۆی مادەی هۆشبەرەوە حوکمدراون، 676 کەسیان بەکارهێنەری مادەی هۆشبەرن و 538 کەسیش بازرگانیی مادەکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ