رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی پۆلیسی هاتووچۆی هەولێر رایدەگەیێنێت، لە 2022/03/15ەوە بۆ کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل کار بە گرێبەستی ئەلیکترۆنی دەکرێت و کار بە گرێبەستە کۆنەکان ناکرێت.
فازڵ حاجی، گوتەبێژی پۆلیسی هاتووچۆی هەولێر بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "لە رۆژی 2022/03/15ەوە بۆ کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل تەنیا کار بە گرێبەستی ئەلیکترۆنی دەکرێت. ئێستا گرێبەستی ئەلیکترۆنی رانەگیراوە و لە سەری ساڵەوە هەر مامەڵەیەک کرابێت بە گرێبەستی ئەلیکترۆنی بووە، بەڵام وەک هاوکارییەک بۆ ئەوانەی پێشتر ئۆتۆمبێلیان کڕیوە و نەیانکردووە بە ناوی خۆیانەوە کار بە گرێبەستە کۆنەکە دەکرا."
ماوەیەکە ماڵپەڕی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی هەولێر راگیراوە و هاونیشتمانییان ناتوانن سەردانی بکەن.
فازڵ حاجی گوتی: "ماڵپەری هاتووچۆی هەولێر ئێستا لەبەر ئەوەی کاری فراوانکردنی تێدا دەکرێت راگیراوە، چونکە کاتی خۆی بە تایبەتی بەشی سزاکان بۆ ئەو ژمارە زۆرەی ئۆتۆمبێل دروست نەکرابوو و پێشبینی نەکرابوو ژمارەی ئۆتۆمبێل بگاتە سەرووی ملیۆنێک. ئەوە وایدەکرد لۆدێکی زۆر بکەوێتە سەر ماڵپەڕەکە. لە داهاتوویەکی نزیکدا دەکەوێتەوە کار."
گوتەبێژی پۆلیسی هاتووچۆی هەولێر ئاشکرای کرد، ئێستا زیاتر لە ملیۆنێک و 20 هەزار ئۆتۆمبێلی تۆمارکراو لای ئەوان هەن کە تابلۆی هەولێریان هەیە.
چەند مانگێکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا باس لەوە دەکرێت کە تابلۆی ئۆتۆمبێلەکان دەگۆڕدرێن لەسەر ئەم شێوازەی ئێستایان نامێننەوە و قەبارە و نیشانەکانی دەگۆڕدرێن.
فازڵ حاجی گوتی: "ئێستا قسە لەسەر گۆڕینی تابلۆکان ناکەین، چونکە هێشتا نەگۆڕدراون و بەهیچ شێوەیەکیش نەمانگوتووە دەگۆڕدرێت. هەر کاتێک گۆڕدرا ئەو کاتە قسەی لەسەر دەکەین."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ