رووداو دیجیتاڵ
ماوەی چەند رۆژێکە هونەرمەند و میدیاکار ئارامۆ لەسەر بڕیاری دادگەی جێبەجێکار لە قەزای شەقڵاوە گیراوە و قایمقامی قەزاکە دەڵێت "بەهۆی پابەندنەبوونی بە پابەندییە داراییەکانەوەیە".
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، ماوەی چەند رۆژێکە هونەرمەند و میدیاکار ئارامۆ، بە بڕیاری دادگەی جێبەجێکار لە قەزای شەقڵاوە دەستگیرکراوە، بەهۆی ئەوەی چەند کەسێک کە قەرزیان لەلای ئارامۆیە، سکاڵایان لەسەر تۆمار کردووە.
رۆژی چوارشەممە، 12-4-2023، کاروان کەریم خان، قایمقامی قەزای شەقڵاوەی سەر بە پارێزگای هەولێر، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "هەرچەندە ئەو بابەتە لە تایبەتمەندیێتی دادگە و لایەنی دادوەرییە، بەڵام ئەوەی زانراوە ئەو کەسە بەهۆی پابەندنەبوونی بە پابەندییە داراییەکانەوە لەسەر سکاڵای کەسێک، بەبڕیاری دادگە راگیراوە".
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وا بڵاوکرایەوە ئارامۆ لەلایەن ئاسایشی هەولێرەوە دەستگیرکراوە، بەڵام عەقید سەباح خدر، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایش بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "هیچ کەسێک بەناوی ئارامۆ لەلایەن ئاسایشەوە دەستگیرنەکراوە".
ئارامۆ، هونەرمەندە و ماوەیەکی زۆر لە چەند کەناڵێکی ئاسمانی لە باشووری کوردستان بەرنامەی پێشکێش دەکرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ