رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێر رایگەیاند، هیچ ئۆتۆمبێلێکی تۆیۆتا کراون ناسراو بە "مەلیکە" ژمارەی پێنەدراوە و هیچ بڕیارێکی نوێ لەبارەی ئەو ئۆتۆمبێلانەوە جگە لە پشکنین دەرنەچووە. بەڕێوەبەرایەتییەکە ئەو گرتە ڤیدیۆیانەش بە دروستکراو دەزانێت کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەبارەی پێدانی تابلۆ و ژمارە بەو ئۆتۆمبێلانە بڵاوبوونەتەوە.
رۆژی چوارشەممە، 12-4-2023، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هاتووچۆی پارێزگای هەولێر روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە: "لە هەندێ پلاتفۆرمی تۆڕی کۆمەڵایەتی بە تایبەت لە تیکتۆک هەندێ ڤیدیۆی دروستکراو بۆ سەرلێشێواندن بڵاوکراوەتەوە گوایە ئۆتۆمبێلی تویۆتا کراون ناسراو بە مەلیکە تۆمارکراوە و ژمارەی پێدراوە، ئەو پرۆسەیەی لە بەڕێوەبەرایەتیمان بەڕێوەدەچێت تەنیا پشکنینە بە ئامێری سکانەر و هیچ ئۆتۆمبێلێک ژمارەی پێنەدراوە و هیچ بڕیارێکی نوێش دەربارەی ئەو ئۆتۆمبێلانە نییە."
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هاتووچۆی پارێزگای هەولێر داوا لە هاونیشتمانییان دەکات بە وریاییەوە مامەڵە بکەن و سەرمایەی خۆیان لەو جۆرە ئۆتۆمبێلانە بەفیڕۆ نەدەن کە "مەرجەکانی سەلامەتییان تێدا نییە و تۆمار ناکرێن."
فازڵ حاجی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی هەولێر لەبارەی تۆمارکردنی ئەو ئۆتۆمبێلانەوە بە رووداوی گوت: "تەنیا بۆ پشکنینە و ئەو پشکنینە لە هەولێر هەیە و لە هەموو بەڕێوەبەرایەتییەکان بەردەست نییە، بۆیە هەر بڕیارێکی نوێ لەبارەی ئەو ئۆتۆمبێلانەوە هەبێت رایدەگەیێنین و ئێستا تەنیا پشکنینیان بۆ دەکەین."
رۆژی 29ـی ئاداری 2023، بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەرێمی کوردستان داوای لەو کەسانە کرد، کە ئۆتۆمبێلی "مەلیکە"یان هەیە و لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتووچۆ پشکنینیان بۆ کراوە، سەردانی سکانەری بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێر بکەن بۆ پشکنینی ئۆتۆمبێلەکانیان.
ئەو پشکنینە لە 30ـی ئاداری 2023، دەستیپێکردووە و تاوەکو 30ـی نیسان بەردەوام دەبێت. فازڵ حاجی دەڵێت: "تائێستا نازانرێت ئەو پشکنینە بۆ چ مەبەستێکە."
ئەوە دووەمجارە هاتووچۆی هەرێمی کوردستان پشکنین بۆ ئۆتۆمبێلی تۆمارنەکراوی جۆری تۆیۆتا کراون دەکات، کە لە هەرێمی کوردستان بە "مەلیکە" ناسراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ