رووداو دیجیتاڵ
رووداوێکی سەختی هاتووچۆ لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر روویدا. ئەفسەرێک دەڵێت، لە شوێنی رووداوەکەدا یەک کەس گیانی لەدەستداوە و پێنج برینداری سەختیش هەن.
رووداوەکە کاژێر 03:40 بەیانیی رۆژی دووشەممە روویداوە. دوای رووداوەکە، هاوشان لەگەڵ تیمەکانی پۆلیس، تیمە فریاگوزارییەکانی بەرگریی شارستانیی هەولێر چوونە شوێنی رووداوەکە بۆ بەهاناوەچوونی قوربانییەکان.
موقەدەم شاخەوان سەعید، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "تیمی راهێندراومان هەن، بەڵام بەهۆی سەختیی رووداوەکەوە کاتیان پێویست بوو بۆ دەرهێنانی قوربانییەکان".
لە هەردوو ئۆتۆمبێلەکەدا شەش کەس هەبوون و دەنگۆی گیانلەدەستدانی پێنج کەس هەن، بەڵام شاخەوان سەعید دەڵێت: "لە شوێنی رووداوەکە یەک کەس گیانی لەدەستدا؛ بەڵام پێنج بریندارەکەش تەندروستییان ناجێگیر بوو".
ئۆتۆمبێلەکان یەکێکیان تاکسی بووە و ئەوی دیکە تایبەت، بەهۆی سەختیی رووداوەکەوە بەشێک لە ئۆتۆمبێلەکان هەڵوەشاونەتەوە.
پۆلیسی هاتووچۆی هەولێر پەڕاوی لێکۆڵینیەوەی بۆ رووداوەکە کردووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ