رووداو دیجیتاڵ
سکرتێری پارتیی دیموکراتی کوردستان - سووریا، "پێشوازیی گەرم" لە بڕیاری پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەکات سەبارەت بە خۆهەڵوەشاندنەوە و دانانی چەک، کە لە دوایین کۆنگرەیاندا رایانگەیاند.
محەممەد ئیسماعیل، سکرتێری پارتی دیموکراتی کوردستان- سووریا (پەدەکەسە) ئەمڕۆ دووشەممە 12ی ئایاری 2025 راگەیێندراوێکی بۆ "گەلی کورد و رای گشتی" بڵاوکردەوە و دەڵێت: "لەم قۆناخە هەستیارەی ناوچەکەمان پێیدا تێدەپەڕێت، ئێمە لە پارتی دیموکراتی کوردستان - سووریا، بەوپەڕی گرنگییەوە پێشوازی لەو هەنگاوە ئەرێنییانە دەکەین کە لایەنە پەیوەندیدارەکانی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا دەستیان پێکردووە."
سکرتێری پارتیی دیموکراتی کوردستان - سووریا، بڕیارەکەی پەکەکەی بە "پێشهاتێکی گرنگ و ئومێدبەخش لە ئاراستەی راستدا" وەسفکردووە.
محەممەد ئیسماعیل، هیوای خواستووە "ئەم پرۆسەیە بگاتە ئەنجامی بنیادنەر کە لە بەرژەوەندیی گەلەکەماندا بێت لە هەر کوێیەک بێت، یارمەتیدەر بێت بۆ پتەوکردنی سەقامگیری و ئاشتی لە ناوچەکەماندا، کە ماوەیەکی درێژە بەدەست ململانێ دەناڵێنێت."
پارتیی دیموکراتی کوردستان – سووریا، جەختی لە "پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ ئەم هەوڵانە" کردووەتەوە و ئامادەیی خۆی نیشانداوە "بۆ بەشداریکردن بە هەموو توانایەک بۆ سەرخستنی ئەم رێڕەوە، لەبەرئەوەی باوەڕمان وایە گفتوگۆی راستەقینە تەنها رێگایە بۆ بەدیهێنانی ئاسایش و سەقامگیریی هەمیشەیی."
هەروەها دەشڵێت، "چاوەڕوانین ئەم هەنگاوانە سەرەتای سەردەمێکی نوێ بن لە لێکتێگەیشتن و هاوکاریی نێوان گەلانی ناوچەکە، بە شێوەیەک کە مافی هەمووان مسۆگەر بکات و بناخەی قۆناخێکی گەشەپێدان و خۆشگوزەرانی دابڕێژێت."
بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە، 12ـی ئایاری 2025، پەکەکە ئەنجامی کۆنگرەی 12ـی خۆی راگەیاند، کە لە 5-7ـی ئایار بەڕێوەچوو، بەپێی ئەنجامی کۆنگرەکە پەکەکە بە فەرمی خۆهەڵوەشاندنەوەی خۆی راگەیاند.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ