رووداو دیجیتاڵ
محەمەد حەمید، هەر جارێک دەچێتە ماڵی مریەم لە گەرمیان، چاوەکانی دەبنە ئاوێنەی مێژوویەکی پڕ لە ئازار. ئەو لەنێو کەلوپەلە بەجێماوەکانی کەسوکاری ئەنفالکراواندا، بۆنی باوکی دەکات؛ ئەو باوکەی لە زیندانی نوگرەسەلمان شەهید کرا.
هەر پارچە کەلوپەلێک لای محەمەد، گێڕانەوەی چیرۆکی رۆژە تاریکەکانی ئەنفالە، بەتایبەت ئەو بەفرگرەی باوکی کە هەموو جارێک برینی دڵی دەکولێنێتەوە.
محەمەد حەمید، رزگاربووی ئەنفال دەڵێت: "تاوەکو ئێستاش کاتێک دەبینم کەسێک باوکی دەمرێت، لە پرسەکە و لە گۆڕستانیش کاتێک تەماشای کوڕەکەی دەکەم، هەست بە بێباوکیی خۆم دەکەم. دەزانم بێباوکی چەند سەختە؛ وەک ئەوە وایە چەتری سەر سەرت نەمێنێت یان ماڵت رووخابێت. تەنانەت ئەگەر ماڵیشت بڕووخێت و تەنیا (سەقف) مابێت، دەتوانیت بژیت، بەڵام بێباوکی زۆر خراپە."
لەلایەکی دیکەوە و لە چەمچەماڵ، دوو برای دیکەی رزگاربووی ئەنفال، تەنیا یادەوەرییە تاڵەکانیان بۆ ماوەتەوە. ئەوان بە چاوی خۆیان بینییان چۆن دایک و براکەیان لە نووگرەسەلمان لە برساندا گیانیان سپارد.
ئەنفال هەموو کەلوپەلێکی خێزانەکەیانی لێ سەندن؛ ئێستا کە هیچ شتێکیان لە دایک و برا تەمەن یەک مانگییەکەیان بۆ نەماوەتەوە، کەلوپەلە گشتییەکانی مۆنۆمێنتی ئەنفال لە چەمچەماڵ وەک تاقە میراتی ئازیزەکانیان دەبینن.
باوکی ئەو دوو برایە کاتی خۆی وەک گەواهیدەر لە دادگاییکردنی سەددام حوسێندا بەشدار بوو، ئێستاش خۆیان وەک گەواهیدەر لە دادگاییکردنی "حەجاج"دا بەشدارن.
دارا بابەعەبدوڵڵا، رزگاربووی ئەنفال دەڵێت: "ئەو کاتەی باوکم مابوو، پرسیارم لێ دەکرد؛ کوا پێڵاوێک، کاتژمێرێک یان هەر شتێکی دایکم؟ دەیوت هیچی نەماوە. دایکم لە نووگرەسەلمان گیانی سپارد و تەنانەت رووفاتەکەشی نەهێنراوەتەوە."
دڵشاد بابەعەبدوڵڵا، برایەکی دیکەی دارا و رزگاربووی ئەنفالە و دەڵێت: "لە گوندەکەماندا 112 کەس ئەنفال کران. لە خێزانەکەی ئێمەش کە حەوت کەس بووین، تەنیا من و براکەم ماوینەتەوە."
ئەم چیرۆکانە تەنیا مشتێکی خروارێکن لە ئازارەکانی 182 هەزار مرۆڤی بێتاوانی کورد، کە لە شاڵاوە بەدناوەکانی ئەنفالدا شەهید و بێسەروشوێن کران و گوندەکانیان خاپوور کرا. هەرچەندە ساڵانێکی زۆر تێپەڕیوە، بەڵام برینەکان هێشتا بە کراوەیی ماونەتەوە و رزگاربووان چاوەڕێی دادپەروەرییەکی راستەقینە دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ