بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە فەرمانێک دەردەکات و ئەمینداری گشتی دەڵێت جێبەجێی ناکەین

12-06-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

فەرمانێکی وەزاری بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە کە داوای هەڵوەشاندنەوەی دابەشکاریی 50٪ بە 50٪ لە رووی کەسی، لۆجستی، کارگێڕی و دارایی دەکات، ناکۆکی خستووەتە نێوان ئەو و ئەمینداری وەزارەتەکە و ئەمیندار دەڵێت، فەرمانەکە پێچەوانەی ئەو یاداشتی لێکتێگەیشتنەی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و بەرگریی ئەمریکایە و بڕیاری لەو جۆرە لە دەسەڵاتی بریکاری وەزیری پێشمەرگەدا نییە؛ بریکاری وەزارەتی پێشمەرگەش دەڵێت: "سیستمی 50 بە 50 لە وەزارەتی پێشمەرگە نەماوە و من دەسەڵاتی وەزیرم هەیە."
 
عەبدولخالق باپیری، بریکاری وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان رۆژی 11ــی ئەم مانگە فەرمانێکی وەزاریی بە ژمارە (ئـ/ت/11417) دەرکردووە و تێیدا ئاماژەی بۆ کۆبوونەوەی رۆژی 4ـی حوزەیرانی 2023ـی کردووە، کە لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچووە و چەند راسپاردەیەکی دەرکردووە کە ئەمانەن: 
 
1- ئێستا و بۆ داهاتوو دیاردەی دابەشکاری 50 بە 50 لە رووی کەسی، لۆجستی، کارگێڕی و دارایی کاری پێناکرێت لەبەر ئەوەی هیچ بنەمایەکی لەیاسا کارپێکراوەکانی وەزارەتی پێشمەرگەدا نییە. 
 
2- کاروبارەکانی کارگێڕی و ژمێریاری و لۆجستی بەپێی پێداویستی و واقیعی حاڵی هێزەکانی پێشمەرگە دەکرێت، لەگەڵ جوگرافیای سەربازی و دۆخی ئێستای وەزارەتی پێشمەرگە بگونجێت.
 
3- ئەم فەرمانە لە رۆژی دەرچوونییەوە جێبەجێ دەکرێت.
 
لە نووسراوەکەدا ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، لەسەر راسپاردەی سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران ئەو بڕیارانەی سەرەوە دراون.
 
بریکاری وەزیری پێشمەرگە لە جیاتی شۆڕش ئیسماعیل کە ماوەی نۆ مانگ زیاترە بەهۆی ناکۆکییە نێوخۆییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە لە وەزارەتەکەی دەوام ناکات، واژۆی لەسەر نووسراوەکە کردووە.
 
ئەمینداری گشتی: فەرمانەکە نایاساییە و کاری پێناکرێت
 
دوای یەک رۆژ لەو فەرمانە، لیوا روکن بەختیار محەممەد سدیق، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە، لە نووسراوێکدا بە ژمارە ‌(ئـ/14/2026) بە 10 خاڵ وەڵامی بریکاری وەزیری داوەتەوە و دەڵێت: "جەنابتان دەسەڵاتتان نییە فەرمانی وەزاری لەو شێوەیە بەمجۆرە دەربکەن، ئەو کۆبوونەوەیەی ئاماژەتان بۆ کردووە لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بە تەنیا لەسەر پلانی بودجەی سێ ساڵەی وەزارەتی پێشمەرگە بووە."
 
دەشڵێت: "ئێوە ناتوانن بڕیار لەسەر ئێستا و داهاتووی وەزارەتی پێشمەرگە بدەن وەکو لە خاڵی یەکەمی فەرمانەکەتان هاتووە و فەرمانەکەتان هیچ بنەمایەکی یاسایی و پەیرەوی نییە، بۆیە کاری پێناکرێت."
 
هەروەها ئاماژەی بۆ "واقیعی حاڵی هێزەکان" کردووە کە لەنووسراوەکەی بریکاری وەزیردا هاتووە و بە "نا روون لە رووی سەربازی"ەوە ناوی دەبات و دەپرسێت: "جوگرافیای سەربازی و دۆخی ئێستای وەزارەتی پەیوەندیی بە 50 بە 50ـەوە چییە؟"
 
ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە لە نووسراوەکەیدا پێیوایە، راسپاردە نابێت فەرمان و دەڵێت، "بڕیاری لەو جۆرە پێویستە لەلایەن سەرکردایەتی و مەکتەب سیاسیی هەردوو حیزب روونبکرێتەوە و رێککەوتنی لەبارەوە بکرێت، نەوەک لەلایەن کەسێکەوە بڕیاری لەبارەوە بدرێت، چونکە بابەتە رەهەندی نیشتمانی هەیە."
 
هەروەها دەڵێت: "فەرمانە وەزارییەکە پێچەوانەی لێکتێگەیشتنی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا و پەیڕەوی ناوخۆیە و کار دەکاتە سەر جێبەجێکردنی یاداشتنامەکە."
 
لە خاڵی کۆتایی نووسراوە فەرمییەکەیدا، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە دەشڵێت: "ئەم فەرمانە پەرچەکردارە و دەبێتە لێکترازانی هێزی پێشمەرگە و شوێنەواری نەرێنی زۆر خراپی دەبێت و دەبێت رەچاوی بەرپرسیارێتی ئاکاری و نیشتمانی و نەتەوەیی لەبەرچاوبگیرێت کە لە ئەستۆی هەموومانە."
 
داواش دەکات بریکاری وەزیر فەرمانەکەی هەڵبوەشێنێتەوە و بە پێچەوانەشەوە وەکو دەڵێت: "هیچ ئیلتیزامێکی پێوەناکەین."
 
لە ساڵی 2010 تاوەکو ساڵی 2013 نزیکەی 42 هەزار پێشمەرگەی یەکەکانی 70 و 80 یەکخران و 14 لیوای هاوبەش دروستکراون، بەڵام دواتر شەڕی داعش، رووداوەکانی ئۆکتۆبەری 2017 پرۆسەکەیان پەکخست.
 
لە ساڵی 2018 جارێکی دیکە بە هاوئاهەنگیی هاوپەیمانان، پرۆژەیەکی 35 خاڵی بۆ یەکخستنەوەی پێشمەرگە راگەیێندرا.
 
بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە: سیستمی 50 بە 50 نەماوە
 
لەبارەی نووسراوەکەی رۆژی 11ـی ئەم مانگەی و وەڵامەکەی ئەمینداری گشتی پێشمەرگەوە، شەوی دووشەممە 12-6-2023، عەبدولخالق باپیری، بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەڵێ ئەو نووسراوە من لە بری وەزیری پێشمەرگە کردوومە، چونکە وەزیر لێرە نییە و من دەسەڵاتەکانی ئەوم هەیە، هەرچی پەیوەندیی بە هەڵوەشاندنەوەی سیستمی 50 بە 50وە هەیە لە پێش دەستبەکاربوونی منیشەوە هەڵوەشاوەتەوە، ئەوە شتێکی نوێ نییە."
 
بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە گوتیشی: "ئێمە لە وەزارەتی پێشمەرگە نابێت حیزبایەتی بکەین و بگەڕێینەوە بۆ سەردەمی پێشتر و دابەشکاری، ئەوە دەکرێت لەنێو وەزارەتێکی دیکە لەنێو بەڕێوەبەرانیی گشتی شوێنی دیکە هەبێت، بەڵام نابێت ئەو دابەشکارییە لەنێو وەزارەتی پێشمەرگە هەبێت، چونکە وەزارەتێکی هەستیارە و حکومەتیش وای دەوێت کە نابێت دەستی حیزب لە وەزارەت هەبێت." 
 
لەبارەی وەڵامەکەی ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگەشەوە، بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە گوتی، "نووسراوەکەی من جێبەجێ دەکرێت."
 
لە وەڵامی ئەو پرسیارەشی ئایا ئەو بڕیارەی پێچەوانەی یاداشتی ئەمریکا و وەزارەتەکەیان نییە کە لەرابردوودا واژۆکراوە، بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە گوتی، "ئەگەر ئەمریکا 50 بە 50ی بووێت ئەوا لەگەڵی نین، ئەگەر لەگەڵیشی نەبن ئەوا ئەو بڕیارەیان پێباشە، بەڵام ئەمریکا چەند کاتە کاردەکات بۆ دوورخستنەوەی حیزب لە وەزارەتی پێشمەرگە و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش لە پڕۆسەی چاکسازی باسی ئەوە دەکات و ماوەیەکی زۆرە کار لەسەر چاکسازی لەنێو پێشمەرگە دەکات." 
 
لە هەرێمی کوردستان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان خاوەن هێزی خۆیانن کە ئەوانیش یەکەکانی 70 و 80ن. وەزارەتی پێشمەرگەش خاوەنی 22 لیوایە کە ژمارەیان بە فەرمی 125 هەزار پێشمەرگە دەبێت. دوو لەو لیوایانە لە چوارچێوەی دوو لیوای هاوبەش بۆ پاراستنی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان دەچنە سەر وەزارەتی بەرگریی عێراق. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە