گفتوگۆ بۆ دابەشکردنی پۆستەکانی نەینەوا دەکرێت؛ پارتی و یەکێتی داوای قایمقامی مەخموور دەکەن

12-06-2024
نەهرۆ محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

گفتوگۆی لایەنەکان بۆ دابەشکردنی پۆستەکانی نەینەوا دەستیپێکردووە. پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەردووکیان داوای پۆستی قایمقامی قەزای مەخموور دەکەن.
 
بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، لایەنە سیاسییەکانی نەینەوا لە دانوستاندن و گفتوگۆدان لەبارەی یەکلاکردنەوەی چەند پۆستێکی پارێزگاکە، لەوانە بەڕێوەبەری وەبەرهێنان، تەندروستی، پەروەردە و پۆلیس.
 
پارتی کە چوار کورسی لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا هەیە، تائێستا پۆستی جێگری یەکەمی پارێزگاری نەینەوای بەرکەوتووە.
 
بەرپرسێکی پارتی لە نەینەوا بە رووداوی گوت، داوای پۆستی بەڕێوەبەری تەندروستییان کردووە، ئەگەرنا هەردوو جێگری بەڕێوبەری وەبەرهێنان و تەندروستی لەگەڵ قایمقامی مەخموور و شێخان و بەڕێوەبەری ناحیەی باشیک بە بەرکەوتەی خۆیان دەزانن.
 
یەکێتی لە ئەنجوومەنەکە دوو کورسی هەیە و لەگەڵ رەیان کلدانی هاوپەیمانی کردووە کە خاوەنی سێ کورسییە، پۆستی جێگری پارێزگار بۆ کاروباری تەکنیکی-یان بەرکەوتووە، ئەویش دراوەتە رەیان کلدانی. 
 
محەممەد جاسم، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لە فراکسیۆنی یەکێتی رۆژی چوارشەممە (12-06-2024) بە رووداوی گوت، یەکێتی داوای شایستەی خۆی دەکات، دابەشکردنی پۆستەکان بە خاڵە، زۆربەی لایەنەکان پۆستە سەرەکییەکانیان بەرکەتووە لە پارێزگار، جێگرانی پارێزگار، سەرۆک و جێگری ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، ئەوەی تاوەکو ئێستا ماوەتەوە، کە هیچ پۆستێکی بەرنەکەوتووە، یەکێتی و پارتی تەقەدوومە بە سەرۆکایەتیی محەممەد حەلبووسی. 
 
محەممەد جاسم کە هاوکات سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگرییە لە ئەنجوومەنەکە، دەڵێت، "ئەمجارە هەر پۆستێکی سەرەکی دابەش بکرێ بۆ یەکێتییە. داوای بەڕێوەبەری پەروەردە، یاخود وەبەرهێنانیان کردووە، لەگەڵ پۆستی قایمقامی مەخموور".
 
پارتی دیموکراتی کوردستان کە لە دوای 2003ـەوە پۆستی قایمقامی قەزای مەخمووری لایە، تاوەکو ئێستا ئامادە نییە سازشی لەسەر بکات.
 
ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لە 29 ئەندام پێکهاتووە کە سێیان کۆتان (کریستیان، کوردانی ئێزدی و شەبەک). پارتی دیموکراتی کوردستان چوار ئەندام و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دوو ئەندامی لە ئەنجوومەنەکەدا هەیە.
 
رۆژی 5ـی شوباتی 2024، لە یەکەم دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێی پارێزگای نەینەوادا، عەبدولقادر دەخیل بە زۆرینەی دەنگ بە پارێزگار هەڵبژێردرا؛ ئەحمەد حاسوود بە سەرۆکی ئەنجوومەن و محەممەد جبووری بە جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا هەڵبژێردران.
 
رۆژی 10ـی شوباتی 2024، سیروان رۆژبەیانی، بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستان بە جێگری یەکەمی پارێزگاری نەینەوا هەڵبژێردرایەوە؛ هەروەها عومەر نامیق مۆڵە لە لیستی ناسنامەی نیشتمانی بە سەرۆکایەتیی رەیان کلدانی، بە جێگری دووەمی جێگری پارێزگاری نەینەوا هەڵبژێردرا.
 
ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا 29 کورسی هەیە، لەو ژمارەیە لە هەڵبژاردنی 18ـی کانوونی یەکەمی 2023، فراکسیۆنی نەینەوا لیئەهلیها 5 کورسی، پارتی دیموکراتی کوردستان 4 کورسی، هاوپەیمانیی عەقدی نیشتمانی و سیادە 3 کورسی، هاوپەیمانیی تەقەدووم 2 کورسی، حەسمی نیشتمانی 2 کورسی، هاوپەیمانیی حەدبا 2 کورسی، هەویەی وەتەنی 2 کورسی، ئتیحاد ئەهل نەینەوا(یەکێتی) 2 کورسی، عەزمی عێراق و حیزبی وەتەنی تەجدید یەکی کورسییەکیان بەدەستهێنا، جگە لەو سێ کورسییەی بۆ پێکهاتەکانی شەبەک، ئێزدی و کریستیان تەرخانکرابوو.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 ژمارەیەک کارمەندی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان لە بنکەیەکی دەنگدان. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

کۆمیسیۆن: بەزووترین کات پاداشتی دارایی کارمەندانی سەر سندووق دابەش دەکرێت

بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، هەموو ئامادەکارییەکان تەواو بوون و بەزووترین کات کارمەندانی سەر سندووق پاداشتە داراییەکانیان وەردەگرن.