رووداو دیجیتاڵ
دادگەی ئامەد ئەو سێ پۆلیسەی بە کوشتنی تاهیر ئەڵچی تۆمەتبار کرابوون، بە بێتاوان ناساند.
پارێزەرانی دۆسیەکە بایکۆتی دانیشتنی دادگەیان کرد و لە شوێنی کوشتنی تاهیر ئەڵچی، گردبوونەوە و ناڕەزاییان دەربڕی. یەکێک لە پارێزەرەکان گوتی، "هەموومان دەمانزانی چ بڕیارێک دەدرێت".
دانیشتنەکە کاژێر 10:00ـی بەیانی رۆژی چوارشەممە 12ـی حوزیران لە 10یەمین دادگەی سزا قورسەکانی ئامەد دەستیپێکرد.
کەسێک بەناوی ئوور یاکشر تۆمەتباری چوارەمە کە دادگە دەڵێت، "سەر بە (پەکەکە) بووە و لەوکاتەدا تەقەی کردووە و دوو پۆلیسی کوشتوون و گولـلە بەر تاهیر ئەڵچیش کەوتووە".
تاهیر ئەلچی، سەرۆكی پێشووی بارۆی ئامەد لە 28-11-2015 کاتێک لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانییدا داوای ئاشتی و راگرتنی شەڕی نێوان پەکەکە و دەوڵەتی تورکیای دەکرد، تەقەی لێکرا و تیرۆرکرا.
ئوور یاکشر تائێستا نادیارە و پێشتر دادگەی ئامەد بە غیابی سزای هەتاهەتایی بەسەردا سەپاندووە.
بنەماڵەی تاهیر ئەڵچی بڕیارەکانی دادگە رەتدەکەنەوە و پێیانوایە پرۆسەکە بە شەفافی بەڕێوەناچێت و دەڵێن، "سێ چرکە لە تۆماری کامێرای چاودێری بڕدراوە و دیارنەماوە".
لە 23ی حوزەیرانی 2017دا راپۆرتی لێکۆڵینەوە لەبارەی رووداوەکە ئامادەکرا، بەڵام دوای تێپەڕبوونی حەوت ساڵ بەسەر کوژرانی ئەلچی دا و لە نیسانی ساڵی 2022دا راپۆرتەکە خرایە نێو دۆسیەکەی.
بەگوێرەی راپۆرتەکە، کوشتنی تاهیر ئەلچی پێشتر پلانی بۆ دانەڕێژرابوو. محەممەد ئەمین ئاکتار، پارێزەری دۆسیەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە راپۆرتەکەدا ئاماژە هەن کە "تاهیر ئەلچی لەلایەن پۆلیسەوە کوژراوە".
یەکەمین دانیشتنی دادگە لەسەر دۆسیەی تاهیر ئەلچی دوای تێپەڕبوونی نزیکەی پێنج ساڵ بەسەر کوژرانیدا رۆژی 21ی تشرینی یەکەمی 2020 لە 10یەمین دادگەی سزا قورسەکانی ئامەد بەڕێوەچوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ