رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی یەکێتی لەبارەی نەناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، متمانەی نێوان هەولێر و بەغدا لاواز بووە. گوتیشی، "تەنیا رێگە لە بەردەم کورد هانابردنە بۆ دادگەی فیدراڵی.''
رۆژی پێنجشەممە، 12-06-2025، سەعدی ئەحمەد پیرە، گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەراوێزی پرسەی کەریم شنگالی، وەزیری ناوخۆی پێشووی هەرێمی کوردستان، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بۆ ناردنی مووچە رایگەیاند، ''ئەو دۆخە بەردەوام دەبێت، چونکە متمانەی نێوان وەزارەتەکانی دارایی هەرێمی کوردستان و عێراق لاواز بووە.''
سەعدی ئەحمەد پیرە بۆ چارەسەرکردنی پرسی مووچە و ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دەرچوونی یاسای نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق بە گرنگ دەزانێت، ''بەڵام کاتێک متمانە لاواز بوو، ناتوانین لە پەرلەمان ئەم گرفتە چارەسەر بکەین، چونکە ئێمە بە 60 پەرلەمانتاری کورد ناتوانین یاساکە دەر بکەین، ئەوانەی دیکەیش یارمەتیمان نادەن.''
گوتەبێژی یەکێتی جەختی لەوە کردەوە، ''تەنیا رێگەیەک کە لە بەردەم کورد دەمێنێتەوە، ئەوەیە کە هانا بەرێتە بەر دادگەی فیدراڵی، بۆ ئەوەی بڕیاری جیاکردنەوەی مووچەی هاووڵاتییان لە ناکۆکییەکان جێبەجێ بکرێت.''
لەکاتێکدا 12رۆژ لە مانگی حوزەیران تێپەڕیوە، هێشتا مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان نەنێردراوە، ئەوەش بەهۆی بڕیارێکی وەزارەتی دارایی عێراقەوە.
28ـی ئایار تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق نووسراوێکی ئاراستەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد و تێیدا هاتبوو کە وەزارەت ناتوانێ لە ناردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان بەردەوام بێ، بەهۆی "تێپەڕاندنی پشکەکەی (12.67%) کە لە یاسای بودجەی فیدراڵیدا دیاریکراوە."
رۆژی دواتر وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان وەڵامێکی بە زمانی عەرەبی بۆ وەزارەتی دارایی عێراق و تەیف سامی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: "ئەو رێڕەوەی وەزارەتەکەتان گرتوویەتییەبەر لە دیاریکردنی پشکی هەرێمی کوردستان پێچەوانەی دەستووری عێراقە؛ دیاریکردنی پشکی هەرێمی کوردستان دەبێت پشت بە داهاتە فیدراڵییە کۆکراوەکان ببەستێت نەک خەرجی کردەیی".
ئێستا ژمارەیەک لە مووچەخۆران سکاڵایان دژی بڕیارەکەی وەزیری دارایی عێراق لە دادگەی فیدراڵی تۆمار کردووە. بەگوتەی شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کە دوێنێ چوارشەممە قسەی بۆ میدیاکان کرد، چاوەڕوان دەکرێت سەرەتای هەفتەی داهاتوو دادگەی فیدراڵیی عێراق بۆ دەرکردنی فەرمانسالاری لەبارەی مووچەی هەرێمی کوردستان کۆببێتەوە و بڕیار بدات.
شاخەوان عەبدوڵڵا ئاماژەی بەوەش کرد، "چاوەڕوانین وەکو بڕیارەکانی پێشوو، سەرەتای هەفتەی داهاتوو دادگەی فیدراڵی بڕیار دەربکات و مووچە لە بابەتەکانی دیکە جیابکرێتەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ